نوچەنێت
لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، باس لا داهاتوی ئێران و گۆڕانکارییەکان دەکات، رایوایە کە روخانی رژێمی ئێران، نزیک بۆتەوە چونکە ئەم وڵاتە لە خراپترین دۆخی ئابوری خۆیدایە.
نوچەنێت: دۆخی ئێران بەرەوکوێ دەڕوات؟ بەپێی ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوری خەڵک؟
محەممەد نەزیف: راپەرینەکانی بەرفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک پەیامی سیاسی لەگەڵ بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا ماوە بە ماوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی کۆمەڵانی خەڵک لە تاران و مەشهەد و ئەهواز و کرماشان و… بەردەوامە لایەنی سەرەکی ئەم ناڕەزایەتییە، بێ هیوایی خەڵکە بە سیستمی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا ئەم پرسەش لە داماوی و ناکارایی کابینەی حەسەن روحانیدا خۆی بە تەواوی دەردەخست، روحانی دوای رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ٥ + ١ لەسەر فایلی چەکی ناوەکی ( بەرجام) لەو باوڕەدا بوو، ئێران گەمارۆکانی لەسەر لادەبرێ بواری ئابووری وڵات دەبووژێتەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر دەبی و رێژەی بێکاری دادەبەزێ و… بەڵام پەیڕەوی نەکردنی رژێمی کۆماری ئیسلامی، لە بنەماکانی ئەو رێککەوتنە و یارمەتیدانی تیرۆریزم و ملیشیا توند ئاژۆکانی ئیسلامی و بەتایبەت شیعە، سیاسەتی دەستێوەردانی لە وڵاتانی یەمەن، سوریا، عێراق، لوبنان، بەحرەین و وڵاتانی عەرەبی ( ئەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانانی) و ئیسرائیل، و حزوری ئاژاوەگێڕانەی لە سووریا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێنایە سەر ئەو باوەڕە رێژیمی کۆماری ئیسلامی، مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچە بەتایبەت دوایی هاتنە سەر کاری دوناڵد ترامپ سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و هاتنە دەری لە رێکەوتننامەی بەرجام قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە رێژیمی ئێرانەوە دەستی پێکرد و گەمارۆکانی خستەوە سەر کۆماری ئیسلامی، تەواوی هەوڵەکانی حەسەن رووحانی و کابینەکەی پێش ئاکام کرد و رەوشی سیاسی و ئابووری رێژیمی گەیاندە دۆخی ئێستا کە خراپترین حەڵەتە لە مێژووی سیاسی و ئابووری ئێراندا، دۆخێک، کە نرخی تمەنی ئێرانی لە بەرانبەر دراوی بیانیدا هێناوە نزمترین ئاستی، ئەو رەوشەی پێکهێنا کە خەڵک رۆژ رەشی و برسێتی و بێکاری خۆی لە سیاسەتەکانی رێژیم بێ توانایی رێبەرانی ببێنێ، لە بەرانبەر یاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان و درووشمی برووخێ دیکتاتور و … بدەن.
بە نەزەری من کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ئێستا لە قۆناغی بەر بەرەکانین لەگەڵ رێژیم و بە شێوەی جۆراوجۆر خۆیان بۆ خەباتێکی مەدەنی و جەماوەری، لەکۆتاییدا راپەڕینێکی بەرین رێکدەخەن هەوڵ بۆ گۆڕینی نیزام و رزگار بوونی لە چنگ رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەدەن.
دیارە بۆ پەرەسەندنی ئەم پرۆسەیە، یەکگرتوویی، و رێبەری ئەم بزووتنەوە جەماوەریە پێویستە لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا بی لەم پەیوەندەییەدا رای گشتیش بۆ هاوکاری و پێشوازی لە خەڵکی ئازادیخواز و مافخواز ئێستا لەبارترە
نوچەنێت: بەخوێندنەوەی ئێوە ئەمریکا ویستی گۆڕانکاری هەیە لە ناوچەکە، یان وەک دەڵێن، جارێ پێویستی بە ئێرانە لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بیهێڵێتەوە بۆ گەرم کردنی بازاڕی چەک؟
محەممەدنەزیف: ئەوەی تا ئێستا لە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە رێژیمی ئێران دەبینرێ گوشارە بۆ گۆڕینی رەفتاری و کرداری رژێمە، لەم دۆخە سیاسییەی قۆناغی ئیدارەی ترامپ، گوشارەسیاسی و ئابوورییەکانی چڕوپڕتر کردووە و هەڕەشەکانیش لە هەر دوولاوە بەردەوامە ئەوەی ئەزموونی سیاسییە، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر گوشاری هاوپەیمانەکان و ئەمریکا خۆی راناگرێ و سەرئەنجام تەسلیم دەبێ.
کاتی خۆی خۆمەینی پیاڵەی ژەهری لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران ـ عێراقدا نۆشی و تەسلیم بوو یا خامنەیی رێککەوتنی بەرجامی قەبووڵ کرد. بەڵام بە تەسلیمبوونیش ئەمجارە لە کۆڵی نابنەوە تا تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا قەبووڵ نەکا. دوای ئەو ئەگەر رژێم لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی رووبەروو دەبێ، لەم حاڵەتەیشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان پشتیوانی لە هاوپەیمانە ناوچەیەکانیان لە بەرانبەر رێژیمی ئێران دەکەن.
نوچەنێت: لەئەگەری گۆڕنکاری لە ئێران، دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبێت؟ تا چەند ئامادەی هەر ئەگەرێکن، بۆ نمونە گرتنە دەستی دەسەڵات، بەم پەرتەوازەییەی ئێستایان دەکرێت؟
محەممەدنەزیف قادری: حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەرکامەیان بە پێی خەبات و تێکۆشانیان و ئاستی چالاکییەکانیان، هەرکامیان خاوەنی جێگەو پێگەن. بێگومان لەو دۆخە هەستیارەدا ئەرکێکی گەورەتریان دەکەوێتە سەرشان و خەڵک چاوەڕوانیان لێیان هەیە دەوری مێژوویی و سیاسی خۆیان بگێرن.
نوچەنێت: دەنگۆی هەواڵی رێککەوتنی ئێران و پژاک هەیە. بە تایبەت لە ناو کەسایەتی سیاسی و ئەندامانی حزبە رۆژهەڵاتییەکان، رای ئێوە چییە؟ هیچ شتێک هەیە جێی گومان بێت؟
محەممەدنەزیف قادری: ئێمە ئاگاداری رێککەوتنی نوێی پژاک و رێژیمی ئێران نین. باشترە لە خۆیان پرسیار بکرێ.
نوچەنێت: ئایا پژاک هیچ داهاتوویەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؟ وەک دەبینین لەوێ لایەنگر و شەهیدیان هەیە. خۆشیان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە پێگەی جەماوەری باشیان هەیە.
محەممەدنەزیف: سیاسەتی پژاک کە لە چوارچێوەی سیاسەتی پ.ک.ک یە و تایبەتمەندی جووڵانەوەی میللی دیموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەما سیاسی و فیکرییەکانی ئەوان جیایە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن رەساڵەتی سیاسی و مێژوویی و رێبەری خۆیانن.
نوچەنێت: حزبێکی دیکەی ئێرانی بە ناوی(پارتی یەکێتی نەتەوەیی) لە ئێستادا چالاکە، دەگوترێ لقی کوردستانی ئەم پارتە لەم ناوچەیە لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنی چالاکە، گرنگی بە بواری فەرهەنگی و بە فەرمنی کردنی زمانی کوردی دەدەن. راتان لە بارەی ئەم پارتەوە چییە؟
محەممەدنەزیف: ئەگەر مەبەستان لە پارتی یەکیەتی نەتەوەیی، ئەو حیزبەیە کە کاک عوسمان جەعفەری، بەرپرسیەتی ئەوانیش حیزبێکی سیاسین و بە پێی هێزیان مافی خۆیانە لە پرۆسەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بن، لە غەیری ئەواندا ناوێکی دیکەی غەیرە ئەوان ئاشنا نییە.