دادگایی کردنی پەرلەمانتارێک بۆ دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان دواخرا

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لەلایەن دادگایەکی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە. پارێزەرێکیش دەڵێت “بەپێی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوون، دەبێ سۆران عومەر ئەو قسانە پشتڕاست بکاتەوە یان نکۆڵی لێ بکات”.

بەهۆی دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووس “محەمەد سیاسی”، کە بە گوێرەی زانیارییەکان، دوایین کەس پێش بێسەروشوێنکردنی، لەگەڵ سۆران عومەر، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستاندا بووە، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکردووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی سەندیکانی پارێزەرانی کوردستان و پارێزەری خۆبەخش لە کەیسی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووس محەمەد سیاسی لەو بارەیەوە راگەیاند: بە پێی قسەی کەسوکاری ڕۆژنامەنووس “محەمەد سیاسی”، سۆران عومەر، زانیاریی تەواوی لەسەر دیارنەمانی کوڕەکەیان ھەیە، بۆ ئەوەش دەبێ سۆران عومەر، ئەو قسانە پشتڕاست بکاتەوە یان نکۆڵی لێ بکات“.

ئەیاد کاکەیی دەڵێت “سۆران عومەر وەک ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی گەورەترین و گرنگترین لێژنە، کە لێژنەی مافی مرۆڤە، بەرپرسە لە منێکی پارێزەر و تۆیەکی ڕۆژنامەنووس، ئەگەر دەستدرێژیمان بکرێتە سەر، بۆیە بەبۆچوونی من، وەک یاساناسێک دەبووایە سۆران عومەر یەکەم کەس بووایە بێتە پێش دادگا و بۆ ڕای گشتی چی لەلا بووایە بیگوتبایە، لەبەر ئەوەی ناکرێ سەرۆکی لێژنەیەکی گەورە و هەستیار بێت لە پەرلەماندا و تۆمەتبار بێت لە دۆسیەیەک لە دادگا بە سیفەتی شاھێدیش بانگت بکات، ئامادە نەبیت“.

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات، کە داواکەی سۆران عومەر، مەدەنی نییە و دادگاش داوای ھەڵگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەری لە پەرلەمان کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکردووە، ئامادە نەبوونی سۆران عومەریش لە پەرلەماندا لەبەر ئەوەبووە، کە پەرلەمانتارە و پارێزبەندی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ”ئەگەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تەواو ببێت، ئەوا دادگا دەتوانێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتە بەر، ئەگەر کاندیدیش بێ، چونکە ئەو کاتە پارێزبەندی نامێنێت“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com