نوچەنێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران وەڵامی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت “پێویست ناکات هێزەکانی ئێران بەشداربن، تەنیا خۆم و سوپای قودس دەرەقەتی ئێوە دێین”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-7-2018، لە گوتارێکدا لە هەمەدان، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە وەڵامی ترەمپ رایگەیاند “لە ئاستی سەرۆککۆماری ئێراندا نییە وەڵامی قسەکانی تۆ بداتەوە، بۆیە من وەک سەربازێک وەڵامت دەدەمەوە”.
فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، ئامادەیی هێزەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت “ئێمە ئامادەین. ئەمریکا شەڕ دەستپێدەکات، بەڵام ئێران کۆتایی پێدەهێنێت”.
قاسم سولەیمانی، ترەمپ بە “قومارچی” ناودەبات و گوتی “کاتێک قسەی لەگەڵ چین، روسیا و کۆریا دەکات، شێوازی قسەکردنی لە کەسێکی قومارچی دەچێت نەک سەرۆکی وڵات”.
سولەیمانی گوتیشی، ئەمریکا دوای 17 ساڵ و بە 110 هەزار سەرباز لە ئەفغانستان لە رێکخراوی تاڵیبان دەپاڕێتەوە دانوستاندنی لەگەڵدا بکات، بەڵام هەڕەشە لە ئێران دەکات. دەشڵێت، ئەمریکا لەو شەڕانەی دەستیپێکردووە یان پشتگیریکردوون لە عێراق، ئەفغانستان، یەمەن و غەززە شکستیهێناوە.
قاسم سولەیمانی گوتیشی “ترەمپ-ی قومارچی، من پێتدەڵێم ئێمە نزیکترین لەو شوێنەی، کە تۆی بیرت بۆی ناچێت. هەڕەشەی کوشتمان لێمەکە. ئێمەی تینووی شەهیدبوون و لەنێوبردنی خۆبەزلزانینتانین”.