نوچەنێت: تایبەت
کەسایەتییەکی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەری ئەوە نییە، کە ئێران بتوانێ بە پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا وەزعی خۆی باش بکاتەوە. دەشڵێت “ئەگەر پاش ئەو گۆڕانکارییەش دەسەڵاتی ئاخوندی بمێنێ، ئەوە وەک خەسیو و یەختە دەمێنێ و دەستەمۆی رۆژاواییەکان دەبێ”.
بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران توشی گۆشەگیری کراوە، بە جۆرێک وڵاتانی جیهان وەبەرهێنانیان لەو وڵاتە راگرتووە و ئابووریەکەی شەڵەژاوە و ناڕەزایەتییەکان لە هەموو پارێزگاکانی ئێران سەریان هەڵداوە.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچەنێت، حامید چەعفەری، کەسایەتی سیاسی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لەباەی دۆخی ئێستای ئێران رایگەیاند: ئەگەری ئەوە نییە، کە ئێران بتوانێ بە پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا وەزعی خۆی باش بکاتەوە. ئاکامی وتووێژێکی لەم چەشنە، کشانەوەی ھێزی نیزامی-تێرۆریستی ئێران لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. قووتدانەوەی تێئۆری و کردەی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامییە.
حامید جەعفەری دەشڵێت “خۆگونجاندن لە گەڵ بازاری ئازادی ئابووریی جیھانی و لێکەوتەی سیاسی ئەو بازاڕەیە، کە بەر لە ھەر شت، دابینبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و بەدامودەزگا کردنی پڕۆتۆکۆلە گەورە و نێونەتەوەییەکانە، ئەوانەش ھەموویان لە گەڵ دارشتەی بیری ئاخوندی دەکەونە «تضاد» وە”.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە پێیوایە، کە ئەگەر پاش ئەو گۆڕانکارییەش دەسەڵاتی ئاخوندی بمێنێ، ئەوە وەک خەسیو و یەختە دەمێنێ و دەستەمۆی رۆژاواییەکان دەبێ. خۆ ئەگەر ئەو گۆڕانکارییەش رووبدا، ئەوە گۆڕانی دیکەش وەک گۆڕانی کۆمەڵایەتی، گۆڕانی راگەیاندن و مێدیا، پێکدێ. لەوەھا حاڵەتێکدا، ئاسەوارێک لەو ئۆڕتێدۆکسە ئایینییەی ئاخوندی پێوە دەناسرێ نامێنێ.