نوچەنێت: تایبەت
خۆپیشاندانەکان لە عێراق زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە زۆربەی پارێزگاکانی گرتۆتەوە و ئەمریکاش پشتیوانی لە داخوازی خۆپیشاندەرانی مەدەنی دەکات، بەڵام باس لە رۆڵی ئەمریکا لە داهاتووی ئە وڵاتە بۆتە جێگای پرسیار. چالاکێکی سیاسی-یش پێیوایە “حکومەتە کاربەڕێکەر تەمەنی کورتە، ئەمریکاش لەسەر خەتە و ئامادەکاریی سەربازیی و سیاسی دەستێکردووە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئامانج نووری، چالاکی سیاسی و شارەزا لە کاروباری عێراق، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم وڵاتەوە رایگەیاند: ئەم خۆپیشاندانانە، توانای گۆڕانکارییان نابێت، تەنها فشارن بەرەو هەندێک باشکردنی بەشێك لە خزمەتگوزارییەکان بۆ خوارووی عیراق، چونکە گەندەڵی ڕێکخراوو لەو ناوچانە لەلایەن سەرانی بەیتی شیعییەوە ئەنجام دەدرێ.
ئامانج نووری پێیوایە، لە خۆپیشاندانەکان دوو ئاراستە و داوای گۆڕینی سیستەم و دەوڵەتی عیلمانی و دوورخستەوەی پیاوانی ئایینی و مەراجعەکان دەکەن لەدەسەڵاتی سیاسی و ئیداری. گوتیشی “ئێستا مەسەلەیەکی تر هاتۆتە کایەوە، لە ئەگەری قبووڵ نەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێکنەهێنانی حکومەت، لە فەراغی دەستوریدا، ئەمریکا رۆڵ دەبینێ”.
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لەم دۆخەی عێراق چۆن دەبێ؟ نووری گوتی “حکومەتە کاربەڕێکەرەکە تەمەنی کورتە، ئەمریکا لەسەر خەتە و ئامادەکاریی سەربازیی و سیاسی دەستێکردووە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئینقازی نیشتمانی، هەم نینۆکی ئێرانی پێنەکات لە عیراق، هەم جڵەوی لەدەست چووی خۆی لەسەردەمی ئۆباماوە لە عیراق دەگرێتە دەست”.
ئەو چالاکە سیاسییە جەختلەوە دەکاتەوە، کە تەسەور مەکەن دۆناڵ ترەمپ، عیراق و نەوتەکەی و پێگەی خۆی بۆ ئێران جێبهێڵێ، بەتایبەت دوای کوژرانی چوار پێنج هەزار سەربازی لە عیراق و لەم ئابڵۆقەدانەی ئایندەی لەسەر ئێران. گوتیشی “هەر کەس وا بیرنەکاتەوە بەهەڵەدا دەچێت”.