نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، کە بەپێی پێویست کاندیدمان بەشدار دەبێت لەناو هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح، بەڵام زۆر کەمتر دەبێت لە یەکگرتووی ئیسلامی.
بڕیارە ڕۆژی 30-9-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بەلیستێکی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، بەناوی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عەبدوڵڵا وەرتێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی سەرقاڵی رێکخستن و ئامادەکردنی لیستی کاندیدەکانی هەدوولان بۆ هەڵبژاردن، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بەیەکجاری لیستەکە یەکلایی دەکرێتەوە و لەو ماوەی، کە درێژکراوەتەوە بۆ وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، پێشکەشی دەکەین”.
سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشکردنی کاندیدەکان لە نێوانیان، عەبدوڵڵا وەرتێ، جەختیکردەوە لەوەی، بەپێی پێویست کاندیدانی حیزبەکەی بەشدار دەبن لەناو ئەو لیستە، کە لیستێکی هاوپەیمانییە لەنێوان هەردوولا و گوتیشی “بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە کاندیدمان زۆر کەمتر دەبێت لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان”.