نوچەنێت: تایبەت
بەرەبەیانی رۆژی 4-7-2018 ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەكان، كە پێكهاتووە لە حەشدی شەعبی و هێزی وەڵامدانەوی خێرا لە سەرووی رێگەی كەركوك – خورماتوو – كفری دەستیپێكرد و چەند رۆژێک بەردەوام بوو بۆ پاککردنەوەی لە چەکدارانی داعش. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت “نەیانتوانیوە هیچ لە دۆخەکە بگۆڕن و بوونی چەکداران داعش وەک خۆی ماوەتەوە”.
لە لێداونێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە خورماتوو، لەبارەی ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزە عێراقییەکان لەو سنوورە رایگەیاند: ئەوان ئۆپەراسیۆنەیان، کە ئەنجام دا نەیانتوانی کۆتایی بە بوونی داعش لەو ناوچەیە بهێنن، چوونکە چەکدارەکانی داعش لەو کاتەدا لەحەشارگەکانی خۆیان مانەوە و ئەوانیش تەنیا بەسەر جادەکاندا دەرۆیشتن و گەڕانەوەشیان بە هەمانشێوە بوو.
ئەرسەرلان عەلی دەڵێت، بوونی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا تا ئەندازەیەک توانیویانە دۆخی خورماتوو کۆنتڕۆڵ بکەن. گوتیشی “ئێستا لە رابردوو تائەندازەیەک باشترە”.