نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، خوێندنى ئێواران لە زانکۆکانى کوردستان سنووردار دەکرێت و لە 70%ـى بەشەکانى ئێواران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دادەخرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی بڕیاری سنووردارکردنی خوێندنی ئێواران راگەیاند: بەمەبەستى بایەخدانى زیاتر بە پرۆسەى خوێندنى بەیانیان و کوالێتى زانکۆ و پەیمانگەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى خوێندنى 2018- 2019 زیاتر لە 70%ـى بەشەکانى ئێواران لەزانکۆکان دادەخرێت و چیدی خوێندکاران لە بەشەکانى ئێواران لەزانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وەرناگیرێن.
عەباس ئەکرەم دەشڵێت، بۆ ساڵى خوێندنى 2018- 2019 ئەم بڕیارە دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە و وەرگیراوانى ساڵانى پێشوو ناگرێتەوە. گوتیشی “بۆ ساڵى داهاتوو سەرجەم بەشەکانى ئێواران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەتەواوى دادەخرێت و گرنگى زیاتر بە بەشەکانى بەیانیان دەدرێت”.