نوچەنێت-ئاژانسەکان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین هەڵوێستی بەرامبەر بە ئێران، هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە چرتر کردۆتەوە.
مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی دوو پەیامی تویتەری، جارێکی دیکە جەختی لە سەر هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران کردۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەوە نووسیویەتی: ئەوروپا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆریزمێکدایە، کە ئێران پاڵپشتی لێدەکات. ئەم مانگە دیپلۆماتێکی ئێرانی لە ڤییەنا تۆمەتبار کراوە بە دانانی پلانی تیرۆریستی لە فەڕەنسا.
پەمپیۆ هەروەها نووسیویەتی “هاوکات لە گەڵ ئەوەی ئێران لە هەوڵدایە ئەوروپا بۆ مانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی هان بدات، بەردەوامە لە دانانی پلانی هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتانی ئەوروپی”.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەوڵەتی ئێران کاریگەری لە سەر ئەوروپا و جیهان و خەڵکی خۆی داناوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە گەڵ واقعێک بە ناوی بەد ڕەفتاری حکومەتی ئێران بەرەوڕوو ببینەوە.