ئەو مەلایەی هاندەری سێ تیرۆرستەکەی هەولێر بوو ئاشکرا کرا

0

نوچەنێت

بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ھەولێر ئاشکرای کرد، ھەر سێ تیرۆریستەکەی دوێنێ کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون. دەشڵێت “ناوبراو سێ هەفتە پێش دەستگیرکراوە”.

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان، سێ تیرۆریستەکەی ھێرشیان کردە سەر پارێزگای ھەولێر، ئاشکرای کردکە، بە ناوەکانی (رەھێڵ محەممەد رۆستەم مووسا، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠، عەبدولڕەحمان رەحیم قادر حوسێن، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢)، قوتابیی قۆناغی ئامادەیی، ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووی شاری ھەولێر- گەڕەکی قەڵاتی نوێ بوون.

لەم بارەیەوە، د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ھەولێر بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ھەر سێ تیرۆریستەکەی دوێنێ کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون، کە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دوو ھەفتە پێش ئێستا دەستگیر کراوە و لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش داوە.

نووری ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەو مەلایە پێشتر پەیوەندیی ھەبووە بە تۆڕێکی دیکەی تیرۆریستی، کە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کران و ناوی ئەو مەلایەیان ھێنا، مەلا ئیسماعیل دانی بەوەشدا ناوە، کە لەگەڵ ئەوانیشدا بووە، گوتی: “ئەو مەلایە چەندین کاری ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی بۆ داعش کردووە، کاتێک دەستگیریش کراوە لە ماڵەکەیدا چەندین چەک و تەقەمەنی و کڵاشنکۆف و ڕوومانە دەستیان بەسەردا گیرا، خۆیشی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستیی گەورە، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی، توانیمام دەستگیری بکەین”.

مەلا ئیسماعیل سوسەیی

مەلا ئیسماعیل سوسەیی بەهۆی گوتارە تووندەکانی لە ساڵی 2010 لە گوتاربێژی مزگەوت دوورخراوەتەوە. دواتر ناوبراو گوتارەکانی لە یوتووب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکردەوە، بەو هۆیەوە لە 21ـی ئابی 2011 لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا.

 پێشتر مامۆستا ئیسماعیل، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شێخ ئێبراهیم گەردی بووە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لە پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەمابوو. 

ئاشکراکردنی دەستگیرکردنی ئەو مەلایە لە کاتێکدایە، دوێنێ کاتژمێر 07:15ی رۆژی (دووشەممە 23-7-2018) سێ چەکدار هێرشێکی چەکدارییان بۆ سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، سەرەتا پاسەوانی بەر دەرگای باڵەخانەی پارێزگایان بریندارکرد، دواتر دوو چایچیی پارێزگایان بە بارمتەگرت. 

لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو چایچی بە بارمتە لەلایەن چەکدارەکانەوە گیران، دواتر ئاسایش توانی یەکێکیان رزگاربکات، ئەوەی دیکەش شەهیدکرا، هەروەها چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، کە برینی سیانیان سووکە. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com