نوچەنێت
ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادبینی لە کەیسی سکاڵای سەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی لە دادگای هەڵەبجە، ساز کرا.
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، رژێمی بەعسی عێراق چەکی کیمیاوی لە دژی دانیشتووانی شاری هەڵەبجە بەکار هێنا و لە ئەنجام دا، زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون.
سکاڵاکە رۆژی 16ـی ئاداری 2018 و لە 30ـەم ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە دژی ئەو کۆمپانیا بیانییانە تۆمار کرا، کە هاوکاریی رژێمی بەعسیان کردبوو لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی.
رۆژی دووشەممە 23/7/2018، لە شاری هەڵەبجە، یەکەم دانیشتنی دادبینیی لە کەیسەکە ئەنجام درا.
سکاڵاکارەکان بە نوێنەرایەتیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی هەوڵ دەدەن بەو دادگاییکردنە جیهان لەو کارەساتە ئاگادار بکەنەوە، کە رژێمی بەعس بە هاوکاریی ژمارەیەک کۆمپانیای ئەوروپی، بەسەر هەڵەبجە بە تایبەت و کوردستان بە گشتیی هێنا.