نوچەنێت-ئاژانسەکان
حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، دانوستان و گفتوگۆ لە گەڵ ئەمریکا هیچ مانایەکی نییە، بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان نەبێ و ئێرانیش تا دواساتەکان بەرگری لە خۆی دەکات.
روحانی ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، کە لە پشتەوەی سیاسەتی گەمارۆکان، پلانی دیکەی بە دەستەوەیە.
سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی جولای، لە میانی گوتارێکدا هۆشداری دایە ئەمریکا و گوتی: دوژمنان دەبێ لەوە تێبگەن، کە شەڕ لە گەڵ ئێران دایکی شەڕەکانە و ئاشتی لە گەڵ ئێران، دایکی ئاشتییەکانە و هیچ کات لە هەڕەشە نەترساوین و تا سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین.
بە گوتەی حەسەن روحانی، ئەمریکا لە ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە.
هاوکات، مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداری کۆبوونەوەیەک بکات، کە لە ژێر ناوی “پشتیوانی لە دەنگی ئێرانیەکان” بەڕێوە دەچێت. بڕیارە پەمپیۆ لەم کۆبوونەوەدا لەبارەی ویستی خەڵکی ئێران و گەندەڵی و هەروەها گوشار بۆ سەر کەمینەکانی ئەم وڵاتە گوتارێک پێشکەش بکات.
روحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی وێڕای وەسفکردنی ئیدارەی ئەمریکا بە دەوڵەتی بێ سەروپێکان، هۆشداری دایە سەرۆکی ئەمریکا و گوتی یاری بە کلکی شێر مەکەن، چون پەشیمانی بەدواوەیە.