قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بەم بڕە پارەیە خەمڵێندرا

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و جینۆسایدی هەرێمی کوردستان، بە نزیکەی ٣٧٤ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی عێراقی هیج قەرەبوویەکی نەداوە.

لەسەردەمی حکومەتی بەعسی پێشووی عیراق، تاوانی زۆر گەورە بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەشێوەی زۆر دڕندانە هەوڵی قەڵاچۆکردنی گەلی کورد دراوە، لەوانە ئەنفالکردن، کیمیابارانکردن و چەندین شێوازی تر.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، لە لیژنەی دارایی، سەبارەت بە قەربووی کەس و کاری ئەنفال و جینۆساید رایگەیاند “بەپێی یاسای عێراقی و یاسای نێودەوڵەتیش، پێویستە حکومەتی عێراقی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدکراوانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، چونکە هەرحکومەتێکی عێراق وارسی حکومەتێکی ترە، کە پابەندی پێوە بکات”.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدکراوانی هەرێمی کوردستان، بە نزیکەی ٣٧٤ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق هیج قەرەبوویەکی نەداوە. گوتیشی “قەرەبوو کردنی کەسوکاری ئەو قوربانیانەی، کە بڕیاری دادگای جینائییان وەرگرتووە، لە هەر بڕیارێک دەڵێ خاوەنی ئەو کەیسە بۆی هەیە بچێتە دادگای مەدەنی داوای ئەو قەرەبووکردنەوەیە بکات”.

نەجیبە نەجیب دەڵێت “حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش کەمتەرخەم بووە، راستە قسە و داواکاری هەیە، بەڵام قسە و داواکاری بە تەنها سوودی نییە، بەڵکو دەبێت بەکردەیی بۆ ئەو بابەتە لە هەموو درگایەک بدەن و فشاری زۆر بۆ حکومەتی عێراق درووستبکرێت، بۆ ئەوەی ئەو قەرەبووە بداتەوە”.

سەبارەت بە ماددەی ١٤٠، نەجیبە نەجیب گوتی “کاتێک لیژنەیەکیان لە سەر ئاستی مەجلیس وزەرا درووستکرد لە ساڵی ٢٠٠٤، لەساڵی ٢٠٠٥ تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە ٢ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ ماددەی ١٤٠، بەڵام ئەوان بەفتوایەک قەرەبووی خەڵکی خۆیان کردەوە و خەڵکی کوردستان لەو قەرەبووکردنەوە بێ بەشکراوە تاکو ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com