نوچەنێت
دۆناڵد تڕەمپ و ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکانی ئەمریکا و رووسیا ڕۆژی دووشەممەی رابردوو لە هێلسینکی کۆبوونەوە. چاودێرانی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا، سەبارەت بەم دانیشتنە هاوکات لەگەڵ گەشبینی بە پارێزەوە دەڕواننە ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەيه.
چاودێران پێیانوایە، کە سەرۆکانی دوو وڵات، دەتوانن رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی و ئاڵۆزیيەکانی نێوانیان بدزۆنەوە، بۆ تێگەیشتن لەم بۆچوونە، روانگە و خوێندنەوەی خاوەن ڕایان جێی سەرنجە.
لە رووسیا بۆچوونێک هەیە، کە پێیوایە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و مۆسکۆ، لەو پەڕی خراپیدایە و ئاراستەیەکی مەترسیدار دەپێوێ.
کۆنستانتیەن زاتولین، یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی نەتەوەخوازی پارتی یەکگرتووی رووسیا، کە ڤلادیمێر پۆتین تیایدا ئەندامە، هۆشداری دەدات و دەڵێت: پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمریکا و رووسیا لە نزمترین ئاستی خۆیدایە. بە تایبەت لە دوای قەیرانی کارائیب. ئەم نیگەرانیەی زاتولین لە روانگەی ژمارەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات لەم وڵاتە رەنگی داوەتەوە.
ماکسیم شۆشنکۆ، رۆژنامەنووسی دیار و ناسراوی رووسی دەڵێت “ئەمریکا و رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕادەبەدەر لێک نزیک بوونەتەوە”. شۆشنکۆ سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی نفوز و دەسەڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت “پێناچێت ئەم رێکارە شەڕ و بەريهککەوتنی راستەوخۆی لێ بکەوێنەوە. بەبێ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران. هیچ رێککەوتنێک ناگاتە ئەنجام، پێموایە رووسیا نابێ خیانەت لە ئێران بکات، بە دروستی نازانم مۆسکۆ هەڵوێستێک بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەر، کە تەنها لە بەرژەوەندی ئیسرائیل تەواو ببێت”.
سەرباری ئەم بۆچوونانەش، گەشبینیەک لە مۆسکۆ سەبارەت بە ئۆگری دۆناڵد تڕەمپ بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ مۆسکۆ سەری هەڵداوە. ئاندرانیک میگرانیان، مامۆستا لە ئەنیستیتۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی مۆسکۆ و راوێژکاری نافەرمی سەرۆکی رووسیا، دەڵێت “تڕەمپ ناتوانێ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتی خۆیدا پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ کرملین ئاسایی بکاتەوە. سەرۆکی ئەمریکا دەبێ خەڵکی ئەمریکا و نەیارانی دڵنیا بکاتەوە، کە دەتوانێ بەرامبەر بە مۆسکۆ هەڵوێستی توندتر بگرێتەبەر و بە هیچ شێوەیەک هیچ ئینتمایەکی بە نیسبەت مۆسکۆوە نییە”.
سەرکەوتنەکانی ئەم دواییانەی باری دارایی و ئابووری ئەمریکا، کارتێکی بەهێزە و هاوکات متمانەیەکی زیاتری لای تڕەمپ پێکهێناوە، تاکوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڵ پوتین هەنگاوی جددی بنێت.
ئامانجەکانی مۆسکۆ لە کۆبوونەوەی هێلسینکی چییە؟
ساسلۆڤۆ، جێگری سەرۆکی ناوەندی دیراساتی ئەوروپی و نێودەوڵەتی لە زانکۆی دارایی پێیوایە، کە مۆسکۆ سێ ئامانجی سەرەکی هەیە:
یەکەم: کرملین بە نیازە هێڵی پەیوەندی بەهێزتر لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دروست بکات و لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی هەستیار لەوانە چەکی ئەتۆمی، ئاسایشی سایبەری، بابەتی ئەمنی بکەونە گفتۆگۆوە.
دووەم: ویستی مۆسکۆ ئەوەیە، کە واشنتۆن گوشارەکانی بۆ سەر هینز و ڤیێتنام کەم بکاتەوە، کە پەیوەندی بازرگانی و سەربازی بەهیزیان لەگەڵ رووسیا هەیە.
سێهەم: کرملین پێیوایە، کە دەتوانێ لە گەڵ تڕەمپ بگاتە رێککەوتنێکی جددی، ترەمپ هەمان ئەو کەسەیە، کە بە بەراورد لەگەڵ باراک ئۆباما، پێداگری لە سەر وەلانانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات ناکاتەوە.
بابەتێکی دیکە، کە کرملین رەنگە بیيەوێ نەرمی تێدابنوێنێ، ئێرانە. میگرانیان پێیوایە، کە مۆسکۆ چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە ئایا ئێران ئامادەیە لە سەر هەندێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، کە تڕەمپ تێبینی لە سەر هەیە، دانوستان بکات یان نا. ساسلۆڤ ئەم بیرۆکەی هێناوەتە ئاراوە، کە مۆسکۆ رەنگە بۆ کەمکردنەوەی نفوز و ئامادەبوونی سەربازی ئێران لە سوریا، یارمەتی ئەمریکا بدات. بەرامبەر بەم ئیمتیازە، واشنتۆن پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسی سوریا بکات، کە لە ئەنجامدا بەشار ئەسەد، لە دەسەڵات بمێنێتەوە. هەروەها گریمانەی ئەوە دەکرێ، کە رووسیا هاوکاریەکانی لەگەڵ ئێران پەرە پێبدات، تاکو ئێران لێی نەبێتە دوژمن.