نوچەنێت -ئاڕ.تی عەرەبی
ئاندرە کۆپرتونۆف، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی روسیا، رۆژی پێنجشەممە ١٩ی جولای، رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا، لە میانی دیدار و گفتوگۆیان لە شاری هێلسینکی، سەبارەت بە ئێران و ئیسرائیل رێککەوتوون.
بە گوێڕەی کەناڵی ئاڕتی عەرەبی، ئەم بەرپرسەی روسیا بەم شێوەیە باسی رێککەوتنە دەکات و دەڵێت: واشنتۆن و مۆسکۆ لە سەر ئەوە رێککەوتوون لە سەر خاکی سوریا، پێش بە روودانی شەڕی راستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بگرن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی روسیا، دیدارەکەی پوتین و ترەمپ، هەڵگری چەند رێککەوتنێکی رانەگەیێندراوە، یەک لەو رێککەوتنانە رێگرتنە لە هاتنە ئارای شەڕ و بەریەککەوتن لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئینتەرفەکس لەم بارەوە رایگەیاندووە، بە ئەگەری زۆر سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا، سەبارەت بە جۆرێک ئاگربەست و سازش لە باکوری سوریا گەیشتبێتنە رێککەوتن.