نوجەنێت: تایبەت
لە شەوی رابردووەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كوردستان ناكرێنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ڕاگیرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەهەرێم بەردەوامە تا کاتێکی نادیار.
بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە هۆی خۆپیشاندانی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رابگرێت، تاکو ئێستاش بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەڕاگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق راگەیاند “تاکو ئێستا بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ كردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكو ڕاگیرانەكە بەردەوامە تا کاتێکی نادیار و هیچ کاتێکی زەمەنیشی بۆ دیاری نەکراوە”.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژە بەوە دەکات، ئینتەرنێت لەهەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەوەی ڕاگیراوە لەهەرێم تەنها سۆشیاڵ میدیایە.
ئومێد محەمەد هەروەها گوتیشی “راگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پە یوەندی بە پرسی ئەمنی و نەتەوەیی وڵاتەوە هەیە، بۆیە لە هەموو وڵاتانی دونیا راگرتنی شتێکی ئاسایییە، بەڵام ئەوە بڕیار و هەمەهەنگییە لە نێوان حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێم تاکو کاتێکی نادیار”.