نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا حکومەتی عێراقی زیاتر لە ٨٠ ترلیۆن دیناری هەرێمی کوردستان قەرزدارە.
لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، دواتر نووسینەوەی دەستوری عێراق، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ١٧% بۆ هەرێم دیاریکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤وە حکومەتی عێراق هیچ بەشە بوودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە بوودجەی ٢٠١٨ ئەو بڕە کەمکرایەوە بۆ ١٢،٦٧%.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەڕلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی، رایگەیاند “بەپێی دەستوور و یاسا، لەساڵی ٢٠٠٥ تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، بە شایستەی دارایی هەرێم، نەفەقاتی سیادی، نەفەقاتی حاکیمە و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستانەوە، حکومەتی عێراقی زیاتر لە ٨٠ ترلیۆن دیناری هەرێمی کوردستان قەرزدارە تائێستا نەیداوە، پێویستە لیژنەیەکی فەنی درووستبکرێت بۆ دیاری کردنی کۆی ئەو قەرزەی هەرێم، کە لای عێراقە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای ئەو قەرزە لە حکومەتی عێراقی بکاتەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە داوای ئەو قەرزە بکاتەوە، هیچ گرەنتییەکی نییە بۆ وەرگرتنەوەی، چونکە عێراق دەوڵەتێک نییە بە دامەزراوە ئیش بکات.
نەجیبە نەجیب گوتیشی “باشترین ڕێگا بۆ داواکردنی ئەو قەرزە، رێگای دانوستاندنی سەرکردایەتی کوردە لەگەڵ حکومەتی عێراق، یان لەڕێی پەرلەمانتارانی کورد، کە دەچنە بەغدا. هەروەها لەڕێگەی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی کورد، کە لە پۆستە سیادییەکانی حکومەت عێراقدان”.