نوچەنێت: ئاژانسەکان
سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا ئاشکرای کرد، ئەوان وای بە باش دەزانن هیچ هاوکارییەکیان لەگەڵ ئێران نەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، زۆرێک لە بانک و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە بواری نەوت، ئۆتۆمبێل و کەشتی چەندان کۆمپانیای دیکە چالاکی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران راگرتووە.
هەروەها نزیکەی دوو هەفتە پاش ئەوەی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگیان بە گەڵڵایەک دا، کە بانکی وەبەرهێنان ڕێگەپێدراوە هاوکاریی ئێران بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) وێرنەر هویر، سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا رایگەیاندووە “ئەو بانکە پێی وایە، ئەگەر بێت و لە ئێران وەبەرهێنان بکات، هەموو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەونە مەترسییەوە”.
سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا، لە حاڵێکدا هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ مانەوە و پاراستنی ڕێککەوتنی 2015 لەگەڵ ئێران بەرز دەنرخێنێ، بەڵام ئێران جێگەیەکە، کە ناتوانین تێیدا ڕۆڵێکی چالاک بگێڕین”.
بانکی سەرمایە و وەبەرهێنانی ئەوروپا باسکی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا بۆ دانی قەرزە بە وڵاتان و بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەم بانکە ترسی لەوەیە، کە هاوکاریکردنی لەگەڵ ئێران، ببێتە بەربەستێک بۆ چالاکی و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوەش بۆ ئەوان زۆر گرنگە.
بە گوتەی سەرۆکی بانکی سەرمایە و وەبەرهێنانی ئەوروپا، بانکەکەیان 500 ملیار یۆرۆ (580.80 ملیار دۆلار) قەرزدارە.