نوچەنێت: تایبەت
جێگری سەرۆکی لیژنەی کاتی نوسینەوەی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەکاتی نووسینەوەی پەڕەوی نوێی پەرلەمان سوود لە بیست و سێ وڵاتی دونیا بینراوە. دەشڵێت “گۆڕانکاری لەهەموو بەشەکانی پەیڕەوە کۆنەکەدا کراوە”.
رۆژی سێشەممە 17-7-2018، پەرلەمانی كوردستان دوای چەندین دانیشتنی پەرلەمان، پەیڕەوی ناوخۆی بە 127 ماددە پەسەند كرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەسەندکردنی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “لەماوەی ڕابردوو بۆ نووسینی پەڕەوی نوێی پەرلەمان، لەساڵی 2015 سەردانی وڵاتی سوید و بەفەرمی سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەمانکرد، هەروەها سوود مان لە 23 وڵاتی دونیا بینەوە، لەنوسینەوەی پەیڕەوەکەدا، بەشێوەیەک کە توانیومانە سوود لەپەیڕەوی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین”.
قارەمان قادر جەختیشیکردەوە، لەوەی هەرچەندە لەکاتی نوسینەوەی پیڕەوەکەدا، پەیڕەوەکۆنەکە بە بنەماگیراوە، بەڵام ئەمە پەڕەوێکی نوێیە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەپشتبەستن بە پەیڕەوی وڵاتانی دەرەوە، بۆئەوەی بتوانین پەیڕەوێکدابنێین، لەئاستی ئێستای کاری پەرلەمانتاریدا بێت.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان گوتیشی”گۆڕانکاری لە هەموو بەشەکانی پەیڕەوە کۆنەکەدا کراوە، ئەوانەشی کە ئەرکی سەرکی پەرلەمانە، بۆنمونە یاسادانان، چاودێری و ڕەقابەی حکومەت، پرسی بودجە و هەیکەلی ئیداری پەرلەمان گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، بەجۆرێک کاری پەرلەمانتاری ئاسانتر دەکات”.