نوچەنێت: تایبەت
هەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەکەی ئامادە نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانیشتن بکات لەسەر ئەو پڕۆژە هاوبەشەیان بۆ چوونە بەغدا.
دوێنێ دووشەممە 16-7-2018، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەشاری هەولێر كۆبوونەوە و بڕیارە پڕۆژەیەكی هاوبەش بۆ چوونە بەغدا ئامادە بكەن و لەگەڵ لایەنەكانیش بۆ ئەو مەبەستە كۆببنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ساماڵ عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە پڕۆژەی هاوبەشی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەغدا، رایگەیاند “بەپێی ئەوەی تا ئێستا لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا باسکراوە، گۆڕان ئامادە نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشێت، چونکە ئەو دوو لایەنە ساختەکارییان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 12-5-2018 کردووە”.
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان گوتیشی “تاکو دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە ئاشکرا نەکرێت، پێموانییە گۆڕان ئامادەیی دەرببڕیت لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشێت”.