نوچەنێت
لەگەڵ جیابوونەوەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵێک دەنگی ناڕازی ئەندام و لایەنگرانیان دەرکەوت، چەندین جار کەمپین و هەزاران ئیمزا بۆ یەکگرتنەوەی هەردوولا کۆکرایەوە و ئەنجامدرا. لە ئەوروپا کۆمیتەیەک لە چالاکوانانی سیاسی بۆ پشتگیری ئەم کەمپینانە دروستکران، بەڵام هەردوو حزب نەک هەریەکیان نەگرتەوە بەڵکو، زۆربەی ئەو ئەندام و لایەنگرانە لەهەردوو حزب دوورخرانەوە. دوای نزیکەی ١٣ ساڵ؛ ئێستا هاوبیرانی دیموکرات، کە وەک خۆیان دەڵێن، جگە لە کەسانی ناو هەردوو حزبی جیابۆوەی دیموکرات، کە لە ئاستی سەرکردایەتیشدا هەن، لەو ئەندام و چالاکوانە ناڕازییانە پێکهاتوون، کە چەندین ساڵە هاواری یەکگرتنەوەو گۆڕینی شیوازی خەباتی حزبی دەکەن، خۆیان راگەیاند.
نوچەنێت، گفتوگۆی لەگەڵ گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرس و کەسی یەکەمی هاوبیرانی دیموکرات، جەعفەر حامیدی ئەنجامدا، ئەو بە هیواوە باس لە ئامانج و کارەکانی خۆیان دەکات و دەڵێت، هەرچەندە ئێمە کۆمەڵێک لە کەسانی ناڕازی ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و خەڵکی تری رۆژهەلاتمان لەگەڵە، بەڵام هیوادارین ئیتر دەنگە نارازییەکان بێنە مەیدانی خەبات، مادام بێهیوابووین لە یەکگرتنەوەو گۆڕینی ئەدای کاری سیاسی حزبەکان.
نوچەنێت: پێناسەی هاوبیرانی دیموکرات چییە؟
جەعفەر حامیدی: ھاوبیرانی دیموکرات گەشەی بیری نەتەوەییە! ئێمە لە ھاوبیرانی دیموکرات دەمانەوێ کەسێتی کورد و کوردستانی لە سەر بنەمای کوردایەتی لە حیزبی دیموکرات دا ببوژێنینەوە! روونتر بڵێم، خەباتی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە مێژووی چەندین ساڵەی خۆیدا، و تا ئێستاکەش لە ژێر هەژمونی(سەردەستی) دووایدۆلۆژی تەک ئاینیی و مارکسیستیی دابووە. باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە ھیچکام لەو دوو ئایدۆلۆژییە، نەبەرنامەیەکی روونیان بۆ رزگاری گەل و نیشتیمان ھەبووە، نە ئەگەر ھەموو بەرنامە تێۆرییەکانیشیان بە کردەوە پیادەبکەن، بەرنامەکانیان دەتوانێ وەڵام دەری بیری رزگاری نیشتیمانی کورد ببێ! مارکسیزم، بەرژەوەندی چینێک لەبەر چاو دەگرێ و تاک ئاینیش ھەر رێچکەی خۆی قبووڵە! بەبێ ئەوە یەکەمیان ئاوڕ لە چەوسانەوەی نەتەوە بداتەوە و دووھەمیان، رێز لە ئاین و ئاینزاکانی تر بگرێ! بەڵام ئالتەتەرناتیڤی کوردایەتی بە باوەڕی ئێمە لە سەر سێ ئەستوندەک (کۆڵەکە) ی قایم دەتوانێ ھەڵگرو لەبەرگری ھەموو ئاواتەکانی گەل بێ. ئەو سێ کۆڵەکەیە بریتین لە: – رزگاری نیشتیمان و نەتەوە – پاراستن و رێزگرتن لە ھەموو ئاین و ئاینزاکانی کوردستان – بەرنامە و پلان بۆ خزمەت بە چین و توێژەچەساوەکانی کوردستان، بەر لە ھەموویان زەحمەتکێش و کرێکار.
بەو جۆرە باوەڕمان وایە کە کوردایەتی راستەقینە، کە ھەڵقوڵاو بێ لە ھزری نەتەوەیی گەل، و تێکەڵ بێ بە ئەزموونی خەباتی رابردوو، ھەڵگری بیرۆکەی ئابووری مارکسیزم و بیری ئاینی زۆرینەی گەلیشە! بیرۆکەی کوردایەتی تا ئێستا وەک ھەست خەبات و پارێزگاری نیشتیمانی پێکراوە! بەڵام ناوەرۆکی نەدراوەتێ! پێویستە کوردایەتی گەشەی پێبدرێ وپڕ ناوەڕۆک بکرێ.
نوچەنێت: بۆچی ناوی هاوبیرانی دیموکراتتان هەڵبژاردووە؟
جەعفەر حامیدی: ئیزن بدەن روونکردنەوە یەک بەر لە وەڵامی پرسیارەکە بدەم: لە حیزبی دیمۆکرات دا ئەندامان ناوی ھاوڕێ بۆ بانگکردن، نامەنووسین و قسە لە بارەوەکردن بەکار دێنن! بیرۆکەی وشەی ھاوڕێ لە حیزبی دیمۆکرات دا یەکەم جار، لە لایەن بەندەوە بەکارھاتووە! و من ئەو وشەیەم بە پەسەندی بەڕێوەبەریی حیزب گەیاند! بەر لە ناوی ھاوڕێ، ئەندامەکان بە یەکتریان دەگوت برادەر/ برادەران!: ساڵی ١٣٥٩ ی ھەتاوی کە دەبێتە ١٩٨٠-٨١ ی زاینی، لە گوندی باخچەی نێوان شارەکانی بۆکان و مەھاباد، حیزبی دیمۆکرات دەورەیەکی سەراسەری پەروەردەی کادرمان دانابوو! زیاتر لە ٦٠ گەنجی خوێندەواری حیزبی لە سەرانسەری کوردستانەوە بەشدار بوون! بەشداران و مامۆستاکان کە بەشێکیان ئەندامی رێبەری حیزب بوون، بە برادەر( بەرادەری فارسی نا) یەکتریان بانگ دەکرد! بەندە کە جێگری کۆمیسیۆنی تەشکیلات وبەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەو دەورەیە بووم؛ رەخنەم لەو نێو ھێنانە گرت. ئەو کات چەپەکان بە یەکتریان دەگوت، رەفیق، پاسدارانی ئێرانیش یەکتریان بە (بەرادەر ) بانگ دەکرد، ئێمەش دەمانگوت برادەر! ھەر لەو کاتی دا پێشنیارم کرد کە وشەی ھاوڕێ بۆ پێش نێوی ئەندامان بەکار بھێندرێ! با ھەم جیاوازیمان لە گەڵ کۆمونیستەکان ھەبێ و ھەمیش لە گەڵ پاسدارانی داگیرکەر! دیارە ھاورێ ھەم بۆ کچ گونجاو بوو، ھەمیش بۆ کوڕی ئەندام! ئەو پێشنیارەی من قبووڵ کرا! ئەندامێکی دەفتەری سیاسی بە ناوی حەسەن رەستگار (مەلاحەسەن رەستگار) کە کورت و پوخت لاتاوی بە ھەموو کەس دادەدا، وشەی ھاوڕێ ی کردە لاتاو بۆ سەرمنیش! دەیانساڵ و ھەتا ئێستاش ھەر لایەک بە گاڵتە و لایەک بە جیددی پێمدەڵێ ھ____اوڕێ! ھۆی ئەوە کە لایەنگرانی پڕۆگرامی نەتەوەیی ئێمە، ناویان ھاوبیرانە، ئەوەیە کە یەکەم، لە سەر بنەمای بیری نەتەوەیی لە گەڵ یەک و لە یەک سەنگەر دا تێدەکۆشین! دووھەم، ئەوە کە لە کۆڕی ھاوڕێیانی حیزبی دیمۆکڕات دا؛ کێ لە گەڵ ئێمە بێ و وشەی ھاوبیری قبووڵ بکا، جیاوازی لە شێوەی بیرکردنەوە لەگەڵ باقی ھاوڕێ یان دا ھەیە! جیاوازی بەو مانایە کە بۆئێمە تەنیا حیزبی بوونی ھاوڕێ کانمان بەس نییە، بەڵکو ھاوبیریش شەرت و مەرجی سەرەکی لە گەڵ ئێمەبوونە! ھاوبیرییەک کە لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی، خەبات دادەڕێژێتەوە! ئەگەر رووناکبیرێکیش لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی، لە حیزبێکی دیکەوە بێت و ھاوبیریمان لە گەڵ بکا، ئەوە جێی خۆشحاڵی یە!
نوچەنێت: ئێوە حزبن یان گروپ، یان لە ژێر چی ناوێکدا کاردەکەن؟ یان دەبن بە حزبێکی تری دیموکرات؟
جەعفەر حامیدی: ئێمە حیزب، و گروپ نین و وەک گوترا لە ژێر ناوی ھاوبیرانی دیمۆکرات دا کار دەکەین! چەشن و پڕۆگرامی تێکۆشانی ئێمە، نووسین و بڵاکردنەوەی بیر و بۆچوونمانە، ئێمە خۆمان بە بەشی نەتەوەیی حیزبی دیمۆکرات دەزانین! بیری نەتەوەیی ئێمە ھەمان بیری کۆماری کوردستان، وەسیەتەکانی قازی محەمەدی پێشەوا و ھیزری مودێرنی قاسملوی رێبەرە! ئێمە باوەڕمان وایە کە دەیانساڵە و بەتایبەت پاش تێرۆری رێبەرانی حیزب: قاسملو و شەرەفکەندی نەمر؛ رێبەریی حیزب پاشەکشەی لە بیری نەتەوەیی حیزب و گەشەی کوردایەتی کردووە! ھاوبیرانی دیمۆکرات بە مافی خۆی دەزانێ کە بیری ئارشیوکراوی نەتەوەیی حیزبی دیمۆکرات، بە رۆژبکاتەوەو بە کۆمەڵانی خەڵک بڵێ کە رێگای راستەقینەی خەبات و تێکۆشانی ستراتێژی حیزبی دیمۆکرات ئەوەیە، کە ئێمە وەک بە شێک لە تێکۆشەرانی حیزب بۆی تێدەکۆشین! ئەوە کە ئێمە دەبینە حیزب یا نا، وەڵام ئەوەیە کە حیزبی ئێمە حیزبی دیمۆکراتە(بەھەر دووبەشییەوە). لە ئێستا زووتر نی یە؛ ئێمە داوادەکەین کە رێگا ئاواڵە بکەن، بەو بیرەوە کە ھەمانە لە حیزبی دیمۆکرات دا تێبکۆشین! دەستیشیان ماچ دەکەین! دیارە نایشارینەوە ئێمە لە حیزبێکی یەکگرتوودا ، دەمانەوێ فەعال ببینەوە، نەک بە لێکدابڕاوی ئێستاکەیان! وەک باسکرا ئێمە بە پێچەوانەی خۆشەویستانی ناڕازی پێشوو بە پڕۆژە و پلانەوە ھاتووینەتە مەیدان، لەم بوارەشدا سەرکەوتنمان بەدەست ھێناوە! سەرکەوتن لەوە دا کە پێشمان بە دەمارگرژیی وجنێوفریشی گرتووە! لە عەینی حاڵدا خەڵکی دڵسۆز، خاوەن ئیدە و رزگاریخواز بۆچوونەکانمان بەھێند وەردەگرن! ئێمە ھیوادارین کە ھەر دوولای بەڕێوەبەری حیزب، بە دڵی ئاواڵەوە پڕۆژە و پرۆگرامەکانمان قبووڵ بکەن و لە وجێ یە دا لە گەڵمان ھاودەنگ نین، بێنە مەیدانی دیالۆگ و ئاڵ و گۆڕی بیرو بۆچوونەوە! ئەوە سیاسەتی ئێمەیە تا پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و کرانەوەی دەرگای ئازادی بەرووی خەباتکاران دا! لە کاتی ئازادیش دا جارێکی دیکە داوا دەکەینەوە، کە لە ریزەکانی حیزبی یەکگرتووی دیمۆکرات دا، کۆشا ببینەوە! بەڵام ئەگەر داوامان قبووڵنەکراو ئەگەر بە شێوەی چەند ساڵی پێشوو (کەھێرش دەکرایە سەر جیابیران) ھێرشمان بکرێتە سەر؛ ئەوە زۆر بە راشکاوی دەڵێین، کە وەک ئاخرین بژاردە؛ وەک ئەوان بنکە و ناوەند دادەمەزرێنین و پارێزگاری دەکەین لە خەبات، مێژوو و سەروەرییەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دیموکرات! ھیوادارین کە ھیچ تاک و گروپێکی حیزبی نەکەوێتە، داوی خۆبەھێندگرتن و جیابیر بە پووش گرتنەوە! ئەگەر ئەوەشیان کرد! ئەوە بەروونی پێیان دەڵێین کە لە رۆژھەڵات کاریزمای وەک بارزانی و تاڵەبانی نابینین! و رۆژھەڵاتیش باشوور نییە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە. بۆیە دەتوانین دەست و پەنجەیان لە سەر پرەنسیپەکانی حیزب و خزمەت بەگەل؛ لە گەڵ نەرم بکەین!
نوچەنێت:ئامانجتان لە کارکردن و دروستکردنی هاوبیرانی دیموکرات چییە؟ ئایا روئیا و کاری سیاسی ئێوە لە کاری حزبە رۆژهەڵاتییەکان جیاوازە؟
جەعفەر حامیدی: وەک باسمکرد، تێکۆشانی ئێمە ناوەرۆکدانە بە ھەستی نەتەوەیی لە حیزبی دیموکرات! ھەر وەھا باوەڕمان وایە کە نووسین، پڕۆژە، پلان و پڕۆگرامی نەتەوەیی دەبێ ناوەرۆک بدا بە کوردایەتی، ئێمە باوەڕمان وایە کە کەسێتی تاکی کورد و کوردستانی دەبێ باوەڕ بە خۆ یی پەیدا بکا! تاکی کوردی سازماندراو لە حیزبەکاندا؛ نابێ لە سەروەری خاک و سەربەخۆیی بترسێ! بە پێچەوانە دەبێ کاری بۆ بکا. بە کورتی ئایدیدێنتیتێت و پێناسەی نەتەوەیی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک رێڕەوی تێکۆشانی ئێمەیە! لەم ڕێ رەوەدا خۆمان بە جیابیری چەندەھا حیزب و بەشە حیزبی رێفۆرمیست و ئێرانچی دەبینین! بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ئەم پرسە ، پرسی ناو ماڵی خۆمانە لە کوردستان و دەبێ بە دیالۆگ و پلان حەل ببێ نەک بە کێشە و ئاژاوە! جێی داخە بەشی بەھێزتر و بەژمارە زۆرتری رێکخراو، و حیزبی کوردستانی کەمتر لە بیری برەوی ئایدۆلۆژیای کوردایەتی دان! بەڵام ھەن. حیزب و لایەن و تاکی کورد پەروەر کە باوەڕی نەتەوەییان بە ھێزە، ھەر چەند بەداخەوە ھەم کەم ھێزترن و ھەم پرش و بڵاون!
نوچەنیت: جگە لە تۆ کێ سەرپەرشتی هاوبیرانی دیموکرات دەکات؟
جەعفەر حامیدی: کۆڕی بەڕێوەبەری ھاوبیرانی دیموکرات ١٧ نەفەر( ھاوبیری خوشک و برا). کۆڕی ھاوبیران ھەم لە باشوور، دەرەوە و ھەم لە ناوخۆن! کاتێک پڕۆژەیەک یان راگەیەندراوێک بڵاو دەکرێتەوە، مانای ئەوەیە کە بیری ھەموانە و لەلایەن ھەموانەوە گەڵاڵە کراوە!
نوچەنیت: کێن ئەوانەی لەگەڵ ئێوەن؟ یان هاوبیرن؟
جەعفەر حامیدی: ئەو پرسیارە پێشتر لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری حیزبەوە ئاراستەی بەندەکراوە! ژمارە و نێوی ھاوبیرانی ئێمە نھێنی یە! چونکە نامانەوێ ببینە حیزبێکی جیا. چونکە نامانەوێ ببینە فراکسیۆن و لایەنی سێ یەم؛ نامانەوێ ناوی ھاوبیرانمان ئاشکرا بکەین! دیارە ئەو گرفتەش ھەیە کە ئەگەر ناوەکان ئاشکراببن، رەنگە بە رەواڵی پێشوو دەریان بکەن! ھاوبیرانی دیموکرات بە ژمارە زیاتر لە ھەزار ھاوبیرن! وەک پرەنسیپ حەز دەکەم باس لەوە بکەم کە بۆ ئێمە؛ ھاوبیر تەنیا ئەو کەسە نی یە کە تێکۆشانی ئێمەی پێ باشە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە بۆ سێ ئەرکی سەرەکی کە لە سەرەوە باسکرا واتە؛ بۆ رزگاری نەتەوەیی، رێزگرتن لە فرەئاینی و خزمەت دەکا بە زەحمەتکێش و کرێکاری کورد تێدەکۆشێ! بە کورتی ھاوبیر دەبێ خۆنەویست و خزمەتکار بێ!
نوچەنێت: دژایەتی یان پشتگیری حزبە رۆژهەڵاتییەکان بۆ ئێوە چۆنە؟
جەعفەر حامیدی: زۆر پێمانخۆشە و شادین بە پشتیوانیکردنمان! چەند کەسایەتێکی حیزبەکان پێوەندیان پێوە گرتووین و ھەست بە خۆشحاڵی دەکەن! بەڵام بە شێوەی رەسمی تا ئێستا ھیچ حیزبێک پشتیوانی لێنەکردوین! بۆ ئەوان کە بۆخۆیان پڕژو بڵاون کارێکی ئاسان نی یە کە پشتی تێکۆشانی نوێی ئێمە بگرن!
ئەوەشمان لەبێر نەچێ کە قۆناخی ئێستا مەخابن، قۆناخی کێشە و نەفی یە، نەک تەوافوق و پشتگرتن! ئێمە بۆخۆشمان لە بەر نھێنیبوونی ھاوبیرانمان نەمانویستووە، سەردانی حیزبەکان بکەین! دیارە پێمخۆش بوو بۆخۆشم بە تەنیا بچمە لای حیزبەکان، بەڵام کەمێک زەحمەتە، چونکە حەق ئەوەیە یەکەمجار سەردانی ھاورێ یانی دوو لایەنی حیزبی دیموکرات بکەم! سەردانی ئەوانیش جارێ لە بەر دەمارگرژی ھێندێک لە ئەندامانی دەسەڵاتدار و رێبەرییان بە گونجاو نازانم! ئەوەش بڵێم لە لایەنەکانی کۆمەڵە و ھاوڕێ یانی دیموکرات، ھاتوون بۆ لای بەندە و ھاوسۆزی دەردەبڕن!
نوچەنێت: شیوازی خەباتی ئێوە لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟
جەعفەر حامیدی: بوژاندنەوەی ھزری کۆماری کوردستان و پێشەواو قاسملو و شەرەفکەندی نەمر، گەشەی بیری نەتەوەیی، ناوەرۆکدان بە کوردایەتی، جەوھەری تێکۆشانی ھاوبیرانی دیموکراتە!
نوچەنێت: نیازتان هەیە بارەگا و دەزگای تایبەت بە خۆتان دابمەزرێنن؟
جەعفەر حامیدی: تا لە ئاوارەیی دا ماوینەوە، نەخێر ! پێشتریش باسمکرد کە لە کاتی ئازادی دا جارێکی دیکە داوای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی تەشکیلاتی دەکەینەوە! ئەگەر دەرەتانی ئەوەیان پێک نەھێنا، ئەوە بەرپرسایەتی تێکۆشانی ئێمە دەکەوێتە سەر شانی ئەوان!
نوچەنێت: ئاستی پشتگیری خەڵکی رۆژهەڵات بۆ هاوبیرانی دیموکرات چۆنە؟
جەعفەر حامیدی: وەک پشتیوانی خەڵک ناتوانین پێوانەیەکی روون پێشکێش بکەین. ھەل و مەرج تا ئێستاش ریگانادا، کۆمەڵانی خەڵک رای خۆیان دەرببڕن! بەڵام لە ھەمانکات دا توێژی خوێندەوار، رووناکبیری نەتەوەیی، بنەماڵەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی نێوخۆ؛ زۆر بە سۆز و ھزرەوە پشتیوانیی و ھاوبیریمان لەگەڵ دەکەن! شاری کوردستانی رۆژھەڵات نی یەکە ھاوبیرمان تێیدا کۆشا و چالاک نەبێ!
لە بواری ئاشکراشدا؛ نایشارمەوە بەشێک لەخەڵکی تەشکیلاتی، دوودڵن و، کەمێکیش خۆپارێز و مەسڵەحەت پارێزن! بەڵام بەشێکیشیان لێبڕاوو ھاودەنگ و ھاوبیرن! و لە چەندین بوارەوە تێدەکۆشن! تێکۆشەری دێرین، ھونەرمەند، ھۆزانبێژ و نووسەر پشتمان دەگرن و ھاوبیریمان لەگەڵ دەکەن!
پڕۆفایل:
- ١٢ساڵ نوێنەری بەشدار و ئەندامی راواێژکار و کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.
- ٢ساڵ بەرپرسی سکرتاریەتی حزب و هاوکاری د.قاسملو ووە.
- ئوستادی وانەبێژە لە بواری زانستی سرووشتیدا.
- یاریدەدەری پرۆفیسۆرە لە بواری کشتوکاڵ.
- خاوەنی ٥ کتێبە، ئێستا ٣ لەو کتێبانە لە چەند شوێنێکی نەرویج بە وانە دەگوترێتەوە.