نوچەنێت:تایبەت
بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەژماری دەستی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی گۆڕانکاری لەکورسییەکانی پارتی ناکات، بەڵام پارتی هێناوەتە ڕیزبەندی سێیەم.
دوای ئەوەی پڕۆسەی هەژمارەی دەستی بۆ دەنگەکانی ئەو سندوقانەی کە سکاڵایان لەسەربوو دەستی پێکرد، لە دەنگدانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، پڕۆسەکە بەردەوامە و لە چەند پارێزگایەکی عێراق کۆتایی پێهاتووە، لە پارێزگای سلێمانیش 118 سندوق هەژماری دەستیان بۆکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێخ عەتا، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنورەی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند “دوای بژاردنەوەی 118 سندوق، وەک سەمپڵێک لە کۆی 3187 سندوقی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بڕیاری دادگای فیدڕالی وابوو 5% ی سندوقەکان هەژماری دەستییان بۆبکرێتەوە، ئەو لە 5% لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە جۆرێک دەستکاری کرابوو، کە کۆد و کلیل و قوفڵی هەمووی گۆڕابوو، شایستەی ئەوەنەبوو ئەو هەیئەیەی، کە دیاری کرابوو هەژماری دەستی بۆ بکات، بۆیە ئەوانەیان ڕادەستی بەغدایان کرد”.
بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لە سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، لەکۆی 3187 سندوق 118 سندوق هەژماری دەستی بۆ کرایەوە، لە ئەنجامی ئامادەبوونی چاودێرانی ئێمە لە ناوەندی بژاردنەوەی دەستی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەرکەوت پارتی لە 118 سندوق 3001 دەنگی هەیە،ئەوەش پارتی هێنایە ڕیزبەندی سێیەمی دەنگەکانی سلێمانی لەدوای گۆڕان و یەکێتی، پارتی دەبێتە هێزی سێیەم، لە کاتێکدا بەبژاردنی ئەلیکترۆنی پارتی لەڕیزبەندی پێنجەم دابوو.
شێخ عەتا روونیشیکردەوە و گوتی “ئەو سندوقانەی وەرگیرابوون لە شوێنێکدابوون دەنگ و جەماوەی پارتی بەچڕی لەو شوێنەدانەبوو، چونکە لەهەندێک ناوچەی جوگرافیای سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان، دەنگی پارتی زیاترە، ئێمە دەزانین ئەو ناوچانەی چڕی دەنگ و جەماوەری پارتی تێدایە کوێیە، بە داخەوە ئەو ناوچانەی تێدا نەبووە”.
بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لەسلێمانی دەڵێت “بەپێی داتا و ژمێریاری ئەو سمپڵانەی بۆ 118 سندوقەکە دەستمان کەوتووە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە 3187سندوق دەنگەکانی پارتی دەچێتە سەرووی 110000 دەنگ، کە 3 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکات بە حق بەشی پارتی، لەکاتێکدا بەئەنجامی ئەلیکترۆنی تەنها یەک کورسی حەق بەشی پارتی بووە لە سلێمانی”.