چاودێرێکی سیاسی: کورد ئەمجارە ڕێوی بە پیریەوە هاتووە

0

نوچەنێت: تایبەت

چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، عیراق لەسایەی شکستی فەلسەفەی حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبی و تائیفیدا دەژی. دەشڵێت “کورد دەبێت سیاسەت بکات، بیر لە نەخشەی نوێ و جیۆپۆلەتیکی نوێ بکاتەوە، هەلەکان بەوریایی بقۆزێتەوە”.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپێشاندانێكی بەرفرەوان شارەكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە، هاووڵاتیانی داوای كارەبا و ئاو دەكەن، بەڵام هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەئاگر و ئاسن وەڵامیان داونەتەوە و زیاتر لە بیست خۆپێشاندەریان كوشتووە، دەیانیشیان بریندار كردووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئامانج نوری، چاودێری سیاسی، لە بارەی دۆخی ئێستای عێراق رایگەیاند: عیراق لەسایەی شکستی فەلسەفەی حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبی و تائیفیدا دەژی، شەڕی شیعە_شیعە بەرپابووە، لایەنگرانی لایەک سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بوون و هەڵدەکوتنە سەر بارەگاکانی یەکتر بەپێی هێزی جەماوەری باڵادەست لەپارێزگاکاندا.

ئامانج نوری دەڵێت، ململانێی ئیقلیمی و رۆژئاوا لەسەر نفوز و دەسەڵاتی حکومەتی ئایندەی عیراق بە ئاڕاستەی ئیستیثماری ئەو هەڵچوونەی شەقامی عیراقی بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەترۆپکدایە. گوتیشی “حکومەت لەهەوڵی ئەوەیە پایتەخت جیابکاتەوە لە رووداوەکان و پێگەی پارێزراو بێت، پێ دەچێ ئەمجارە سەرکەوتوو نەبێت وەک ۲٠۱٤، کە داعش عیراقی تەنی”.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوامی ئەو خۆپیشاندانە سەردەکێشێ بۆ دۆخێکی نوێ؛ جوڵەی سوننە، هەروەها لایەنگرانی بەعس، داعش موتەفەریج نابێت، لەسێ گۆشەی سوننەوە بەرەو کەناری بەغدا جوڵە دەکات. دەشڵێت “ئەوکات پێگەیەکی ئارام بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەناو ئەم دژانەدا نامێنێ. کورد لەبەردەم دووڕیانی چوونەوە ناوچە جێناکۆکەکان یان بوون بە بەشێک لەوشەڕەدایە”.

ناوبراو گوتیشی، ئەم دۆخە بۆ کورد زۆر ئاسانە، بەڵام لەغیابی فاکتەری تورکی. چونکە تورک هەرگیز دەستبەرداری خەون و هاجسی ئیمراتۆییەتە ڕوخاوەکەی نابێت، بۆنی نەوت و گازی باکوری عیراق و کوردستان ناگۆڕێتەوە بەدرۆی یەکپارچەیی خاکی عیراق، ئەوەی لەسوریا کرد لێرەش واریدە. بەتایبەت کە تەواجودی سەربازی لێرەیەو لەکەرکوکدا تورکمانی سوننەی مولتەزیمی هەیە، گۆڕانکاری سیستەمی حوکمی نوێ بوغرای کردووە. پێویستە کورد یەک وتارو یەک دەست و یەک هەڵوێست بێت.

نوری پێیوایە، کوردیش دەبێت سیاسەت بکات، بیر لە نەخشەی نوێ و جیۆپۆلەتیکی نوێ بکاتەوە، هەلەکان بەوریایی بقۆزێتەوە، وەک پێشینان وتەنی “کورد ئەمجارە ڕێوی بە پیریەوە هاتووە” ئێران و ئەمریکا لەصیراعدان، عەرەب بەش بەشن، تورک و فارس لەکەمینن بۆ یەکتر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com