نوچەنێت
جێگری سەركۆماری عێراق و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی (عێراقیە) رایگەیاند، عێراق لەنێو ترسناكترین تەنگژەدایە و تاكەڕێگەچارەش راگەیاندنی حكومەتێكی كاتی و رزگاری نیشتمانیە. هاوکات داوای چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە ماوەی هەفتەیەکە زنجیرەیەك خۆپێشاندانی ناڕەزایی شارەكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و تا ئێستە چەندین هاوڵاتی سیڤیل بەگوللەی هێزە ئەمنیەكان كوژراون. هەروەها رۆژی یەکشەممە، شەش هاوڵاتی لە پارێزگا جیاوازەكانی باشووردا بەدەستی هێزە ئەمنیەكان كوژران.
ئەیاد عەللاوی، جێگری سەركۆماری عێراق ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 15-7-2018، لە بەیاننامەیەكدا، دەڵێت، ئەم دۆخە ترسناكەی ئێستا عێراقی تێدایە راستەوخۆ لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە هاتەدی، كە لێوانلێوی كێشە بوو و تانەی زۆری لێ درا.
ئەیاد عەللاوی ئاماژەشی بەوە داوە كە بەچاولێكردن لە دۆخی ئەم هەفتەیەی شارەكانی باشووری عێراق، مەترسی گەڕانەوەی تیرۆریش هاتووەتە ئاراوە، سەرباری ئەوەی هیچ چارەیەك بۆ كێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان هەولێر و بەغدا نەدۆزراوەتەوە، ئێستە كاتی ئەوەیە چارەسەرێكی راستەقینە بدۆزرێتەوە، ئەویش بریتیە لە پێكهێنانی حكوومەتێكی فریاكەوتنی نیشتمانی، بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ و پاك و بێگەرد.