نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندان لە پارێزگاکان، چەندبڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد، کە خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف و تەرخانکردنی بڕی ٣.٥ تریلیۆن دیناردا دەبینێتەوە.
بو گوێرەی میدیاکانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەوت بڕیاری لەژێر کاریگەریی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق دەرکردووە.
یەکێک لە بڕیارەکانی عەبادی، تەرخانکردنی بری 3.5 تریلیۆن دینارە دەستبەجێ بۆ پارێزگای بەسڕە و خەرجکردنی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوێریی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی. ھەر لە چوارچێوەیەدا، کارەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و خزمەتگوزرییەکان دەبێت. لەگەڵ پێدانی پلەی وەزیفی بۆ ئەو کەسانەی بێکار کەوتوون.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی عەبادی دا، کردنەوەی زیاتری ئاو بۆ پارێزگاکانی (بەسرە، زیقار، دیوانیە و موسەنا)یە، فەرمانیش بە دەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە، کە زیادەڕۆیی بۆ سەر بەشەئاوەکان قەدەغە بکەن.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف ھەر بەپێی ئەو بڕیارانە، لەکارەکەی لادراوە و ئەنجومەنی کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نەجەفیش ھەڵوەشێندراوەتەوە. هەروەها ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی دوورخراونەتەوە و بەرپرسانی ناوچەییش کارەکانیان ڕاگیراوە و کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان پابەند کراون، کە ڕێژەی 30٪ی کرێکارەکانیان خەڵکی عێراق بن.