نوچەنێت
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و لیستی هاوپەیمانی (سائیرون)ی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندانەكانی بەسرا و نەجەف و زیقار و میسان دەربڕی، خۆپێشاندانەكانیشی بەشۆڕشی برسیەكان وەسف كرد.
پێش كەمێك سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی “قبووڵ ناكەین دەستدرێژی بكرێتە سەر خۆپێشاندەرانی زوڵملێكراو، هیواداریشین خۆپێشاندەرانیش ماڵ و موڵكی گشتی بپارێزن، چونكە ئەم شتانە موڵكی گەلن نەك هی گەندەڵكاران”.
لە كۆتایی پۆستەكەشیدا بەهاشتاگ نووسیویەتی “شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێ”.
ئەمڕۆ هەینی 13-7-2018، خۆپێشاندانی بەرفرەوان شارەكانی بەغدا و بەسرا و نەجەف و زیقار و میسانی گرتەوە، خۆپێشاندەرانی ئەم پارێزگایانەی عێراق داوای خزمەتگوزارییەكانی ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەبا و هەلی كار دەكەن.
ماوەی شەش رۆژە خەڵکی پارێزگای بەسرا خۆپیشاندانێكی بەرفرەوانیان دەستپێكردووە و داوی رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک کارەبا و ئاو دەکەن. لەمیانی ئەو خۆپێشاندانانەشدا چەند هاووڵاتیەكی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە كوژراون و برینداربوون.
