نوچەنێت
دوای کۆبوونەوەکەیان بزووتنەوەی گۆڕان، راگەێندراوێکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەرکردایەتی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕیی، دارایی و میدیایی بزووتنەوەی گۆڕانە و لەسەر ئەو بنەمایە و لە رێگەی ئۆرگانە جیاجیاکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە کار و دەسەڵاتەکانی ناوخۆی گۆڕان رێکدەخاتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٢-٧-٢٠١٨، جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا. رایانگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لێناگەڕێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا لە پرەنسیپ و ئامانجەکانی لابدات. ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. چەند بڕیارێکیان دا.
دهقی راگهیێندراوهكه:
هاونیشتیمانیانی بهرێز
دهنگدهران و ههڵسوڕاوانی بهڕێزی گۆڕان
ئهمڕۆ پێنجشهممه12-7-2018 جڤاتی نیشتمانی بزووتنهوهی گۆڕان کۆبوونهوهی خۆی تایبهت به دهرئهنجامهکانی ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق له 12ی ئایاری 2018، ئامادهکارییهکان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان و کاروباری رێکخراوهیی بزووتنەوەی گۆڕان ئهنجامدا.
پهیوهست به دهرئهنجامهکانی ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بزووتنەوهی گۆڕان له ئێوارهی رۆژی دهنگدانهوه هاووڵاتیانی له ئهنجامدانی تهزویر و دزینی رێکخراو و فراوانی دهنگی خهڵك ئاگادارکردهوه. بۆ گێڕانهوهی دهنگی هاووڵاتیان لهگهڵ حیزبه هاوپهیمانهکانمان له کۆمیسیۆن و ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق و ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق و دادگای فیدراڵی عێراق، بە رێگای دیپلۆماسی و سیاسی و یاسایی هەموو بژاردەکان گیرانە بەر و بەردەوامین. لەکاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵوێستی خۆمان بۆ رای گشتی دەخەینەڕو.
بە راشکاوی دەڵێین: بۆچۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ کە دەیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، دوو رێگامان لە بەردەمدایە: یان تەسلیمبون و قبوڵکردنی ستەم و پاشکۆیەتی یان بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان، بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتیوانی گەلەکەمان هەمیشە رێگای دوەم هەڵدەبژێرێت. لەبەردەم پیلان و گوشاری هێزە خۆسەپێن و تەزویرچیەکان بەو پەڕی ئیرادەوە دەوەستێتەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار درا:
یەکەم: جڤاتی نیشتیمانی دامەزراوەی سەرکردایەتی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێریی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانەو لە سەر ئەو بنەمایە و، لە رێگەی ئۆرگانە جیاجیاکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کارو دەسەڵاتەکانی ناوخۆی گۆڕان رێک دەخاتەوە.
دووەم: بۆ وەرگرتنی راوو سەرنج و پێشنیازی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسەر کۆی پرسەکان، لە زووترین کاتدا بەپێی دەستووری بزوتنەوەی گۆڕان، کۆنفرانسی پارێزگاکان بە ئامادەبونی هەڵسوڕاوانی هەموو ناوچەکان، لە هەولێرو سلێمانی وهەڵەبجەو دهۆک و کەرکوک بەڕێوە دەچێت.
سێیەم: بەئامانجی نوێبونەوە و زیاتر رێکخستنەوەو تۆکمەکردنی پرۆسەی بڕیارو بەڕێوەبردن لەگۆڕاندا، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە هەموو ئۆرگانەکاندا دەستپێدەکات و تەواوی پۆستەکان بۆ گۆڕانکاری کراوە دەبن. هەر پاش ئەوەش لە نزیکترین کاتدا دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان ئەنجام دەدرێت.
چوارەم: پێکهێنانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکاری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
پێنجەم: بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی پێشنیازێکی چڕوپڕدا درێژە بە هەنگاوەکانی دەدات، بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتیەکی فراوان تا دروستکردنی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە نێوان ئەو هێزانەدا کە لەبەرەی خەڵکن.
گۆڕانخوازان دڵنیا دەکەینەوە ئیرادەی تەواومان هەیە بۆ چارەسەری گرفتەکان و بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ پاساوێکدا لێناگەڕێین بزوتنەوەی گۆڕان لە پرنسیپ و ئامانجە نەگۆڕەکانی لابدات و مافی ئەوەشمان نیە. هەروەها دەمانەوێت زۆر سوپاسی خەمخۆری یەك بە یەکی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆ بزوتنەوەکەی خۆیان و رێبازی نەوشیروان مستەفا بکەین و وەک هەمیشە ئێوە کۆڵەکەی سەرەکی هێز و بەردەوامبوونی بزوتنەوەی گۆڕانن.
زۆرسوپاسی ئەو رۆشنیرو نوسەرو کەسانە دەکەین کە لەدڵسۆزیان بۆپرۆسەی دیموکراسی و ئەو پرنسیپانەی کە گۆڕانیان لەسەر بنیاتنراوە، رەخنەی جدی و بنیاتنەرمان لێدەگرن، ئێمە پشتیوانی رابردوی ئێوەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر چاوەو دڵنیاتان دەکەین رەخنەکانی ئێستاشتان بە هەند وەردەگرین.
هاوکات داوا لەهاوڵاتیانی کوردستان دەکەین، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادە بکەن و، هەر لە ئێستاوە بڕۆن بۆ دۆزینەوەو نوێکردنەوەی ناوەکانیان. لەوە ئاگاداربن دەسەڵات و ناحەزانی ئەم گەل و نیشتیمانە بە هەموو جۆرێک کار دەکەن بۆ بێهیواکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن، باشترین و بەهێزترین وەڵام بۆ بەتاڵکردنەوەی پیلانی بێهیواکردن و دەستەمۆکردنی گەلەکەمان، بەشداریی فراوانە لە هەڵبژاردنەکاندا. بە لە بەرچاوگرتنی ئەزمون و تاکتیکی هێزە تەزویرچیەکان، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ رێگری لە ساختەکاری.
بەڵێن دەدەین وەك رۆژی یەکەم لە ئێستا و ئایندەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و پرنسیپەکانی گۆڕان بەردەوام دەبین.
جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان
١٢ی ٧ی ٢٠١٨