نوچەنێت: تایبەت
کەسایەتییەکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لایەنێکی سیاسی کورد بە هاوبەش لەگەڵ ئێران، هەوڵی پیلانێک دژ بە کوردستانی رۆژھەڵات دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گەڵ گوشارەکان بۆ سەر ئێران و ئاڵۆزبوونی رەوشی ئەو وڵاتە، حزبێکی کوردی دەیەوێ لە گەڵ ئێران رێککەوتنێک واژۆ بکات و خۆی بە نوێنەری ئەو پارچەی کوردستان بناسێنێ. کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی کوردستانی رۆژهەڵات ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر حامیدی، کەسایەتی سیاسی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنێک لە نێوان لایەنێکی سیاسی کورد و حکومەتی ئێران، رایگەیاند” حزبێکی کوردی لە ھەوڵی ئەوە دایە، کە بەپێی پڕۆتۆکۆلێک لە سەر رۆژھەڵاتی کوردستان، لە گەڵ کۆماری ئیسلامی رێکبکەوێ”.
جەعفەر حامیدی ئامانجی ئەم رێککەوتنە دەخاتەروو، ناوەڕۆکی پڕۆتۆکۆلەکە بە روواڵەت پێدانی چەشنێک لە مافی کلتورییە بە کۆمەڵی رۆژھەڵات؛ بەڵام لە بارتەقای ئەو مافە کلتورییە، کە لەسەر کاغەزە، دەیانەوێ بە ئاشکرا بەو ئامانجانە بگەن:
یەکەم: دەیانەوێ وا پیشان بدەن، کە ھەر ئەوان نوێنەری کوردی رۆژھەڵاتن و ھەر چەشنە پێکھاتنێک لە گەڵ رێژیمی ئێران، بە مانای پێکھاتنی گەلە لە گەڵ ئێران.
دووەم: دەیانەوێ بگەیەنن، کە دژبەرانی ئەو رێککەوتنە، دژبەرانی بەرژەوەندی گەلن.
سێیەم: وای بۆ دەچم ئەوە ببێتە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی و پێش بە تێکۆشانی حیزبی دیکەی رۆژھەڵات بگیرێ.
هاوکات جەعفەر حامیدی دەڵێت” ئەگەر ئەو رێککەتنە واژۆ بکرێت. لە داهاتوو، ناوی ئەو لایەنە سیاسییە ئاشکرادەکەین”.
جێگەی ئاماژەیە، کە رۆژێک دوای ئەو هەواڵە، “پرۆژەی كۆدار و پەژاک بۆ دیمۆكراتیزهكردنی ئێران بڵاوکرایەوە”.
کۆمەڵگاى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) و پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پەژاک) بۆ دیموکراتیزەکردنى ئێران نەخشە رێگایەکیان بڵاوکردەوە.
نۆ بینینی دەقی راگەیێندراوی کۆدار و پژاک، لێرە کلیک بکە: