نوچەنێت: تایبەت
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 11-7-2018، لە هەولێر ژماردنەوەی دەنگەکان دەستپێبكات. چوارلایەنە لایەنە ناڕازییەکە لە ئەنجامەکان چاودێری دەکەن و بزووتنەوەی گۆۆڕانیش دەڵێت “بڕیاری بایكۆت تەنیا پەیوەست بووە بە سلێمانی و لە هەولێر چاودێری دۆخەكە دەكەین”.
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكە دەبوو لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق ئەنجامی دەنگدانی 12-5-2018ی پەرلەمانی عێراق بە دەست بژمێردرێتەوە، بەڵام لە 24-6-2018 دادوەرانی كۆمیسیۆن بڕیاریاندا تەنیا ئەو سندووقانە دەنگەكانیان بە دەست بژمێردرێنەوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە.
لەرۆژی سێشەممە 3-7-2018 ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست لە كەركوك دەستیپێكرد و دواتریش لە سلێمانی، بڕیایشە ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر دەستپێبكات.
لە لێدوانێکی تایبەت نوجەنێت، هێمن شێخانی، بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لە هەولێر، لەبارەی پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە هەولێر راگەیاند: لە هەولێر بەوردی چاودێری ژماردنەوەی سندووقەكانی دەنگدان دەكەن. هەروەها بڕیاری بایكۆت تەنیا پەیوەست بووە بە سلێمانی و لە هەولێر چاودێری دۆخەكە دەكەین.
بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەگەر هەستمانكرد پێشێلكاری هەیە، لێرەش هەڵوێستمان دەبێت”.