نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەیڕەوی ناوخۆی نوێی پەرلەمانی کوردستان، 101 ماددەی تەواو بووە و نزیکەی 35 ماددەی ماوە تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-7-2018، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژهى پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان، كه لهدانیشتنهكانی پێشووى پهرلهمان چهندین مادده له پهیڕهوهكه دوای گفتوگۆگردنى لهلایهن ئهندامانی پهرلهمانهوه پهسندكراون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەیڕەوە نوێیەکەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “لەماوەی ڕابردوو پەرلەمان لیژنەیەکی کاتی پێکهێنا بۆ ئامادەکردنی پەیڕەوێکی نوێ، من وەک جێگری سەرۆکی لیژنە کاتییەکە دیاری کرابووم، ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لەیەک ساڵ دەبێت سەرقاڵی ئەو پەیڕەوە نوێیەین، دوای تەواوکردنیشی میکانیزمێکمان دانا بۆ ئەوەی ماددە بە ماددەی لەناو هۆڵی پەڕلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت”.
قارەمان قادر دەڵێت “بەپێی میکانیزمەکە بەش بەش خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، تاکو ئێستا نۆ بەشی ئەو پەیڕەوە گفتۆگۆی لەسەرکراوە و دەنگیشیان لەسەر دراوە، واتا نزیکەی 101 ماددەی تەواو بووە و نزیکەی ٣٥ ماددەی ماوە تەواو بکرێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە لیژنەکەیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەیانی بەردەوام دەبێت و دوای بەیانیش بەدوو جەلسەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە پڕۆژەکە دێت و پەیڕەوێکی ناوخۆی نوێیە و بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەرکار دەبێت.