یەکێتی و پارتی لەدانوستان لەگەڵ بەغدا داواکاری چیان هەیە؟

0

نوچەنێت: تایبەت

گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی رایدەگەیەنێت، پێویستە پاکێجێکی هاوبەشی هەبێت، بۆ چۆنیەتی بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق، ئەگەر نا کورد ناتوانێت بەهێزێکی سەنگینەوە بەشدارییەکی کاریگەر بێت.

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی 12 ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن ،هەوڵەکانی خۆیان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق، لە ماوەی رابردوودا پارتی و یەکێتی بە دوو شاندی جیا چوونە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی شەممە 7-7-2018، شاندێکی هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی قانوون، بەیەکەوە گەیشتنە هەرێم و بەجیا سەردانی پارتی و  یەکێتییان کرد.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، لە بارەی دانوستانەکانی یەکێتی و پارتی لەگەڵ شاندی لایەنەبراوەکانی عێراق رایگەیاند “یەکێتی و پارتی لە دانوستانی سەرتاییاندا لە بەغدا، هیچ مەرج و داواکارییەکیان نییە، وەکو دەستکەوتی حیزبی، بەڵکو مەرجەکان زیاتر مەرجی نیشتمانی و نەتەوەیین، پەیوەستە بە چۆنیەتی چارەسەری ئەو کێشانەی پێشووتر چارەسەرنەکراون لەوانە: ماددەی ١٤٠، پرسی بودجە و شەراکەتی ڕاستەقینەی کورد لە عێراق”.    

نێروەیی گوتیشی “مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی و پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لەیەکەوە نزیکن، وە هەر حیزبێکی دیکەی کوردستانیش لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا بچێتە دانوستانەوە، هەندێک خاڵی چەسپیو هەیە دەبێت کاری لەسەبکرێت، کە پێشتر کاری لەسەرکراوە، هەروەها هەوڵدان بۆ پاراستنی و بەرگریکردن و بەدیهێنانی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان”.

گوتەبێژەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، بە پێویستیشی دەزانێت لایەنە کوردستانییەکان پاکێجێکی هاوبەشیان بۆ چۆنیەتی بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق هەبێت. دەشڵێت “ئەگەر کورد وانەکات ئەوکات ناتوانێت بەهێزێکی سەنگینەوە بەشدارییەکی کاریگەر و کارا بێت لەپێکهێنانی حکومەتی نوێدا، ئەمەش وادەکات کورد بەلاوازی بچێتەوە بەغدا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com