نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەخولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەچاوی جێبەجێکردنی یاساکەی نەکردووە، بۆیە مەترسی خۆمان لە پڕۆسەکە راگەیاند.
لایەنە ناڕازییەکانی ھەرێمی کوردستان (گۆڕان، کۆمەڵ، ھاوپەیمانی و یەکگرتوو) بایکۆتی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانیان لە سلێمانی کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە رۆژی سێشهممهی رابردوو، ههژماركردنهوهی دهستی دهنگهكان له كهركوک دهستپێكرد، دواتر بهرپرسانی یهكێتی رایانگهیاند “ژمارەی کورسییەکانیان لە کەرکوک، وەک خۆی ماوەتەوە و دهنگهكانیانیشیان زیادیکردووە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەمین بەکر، ئەندامی لیژنەی یاسایی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەبارەی هۆکاری بایکۆتکردنیان لە ژماردنەوەی دەنگەکانی سلێمانی رایگەیاند “کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەچاوی جێبەجێکردنی یاساکەی نەکردووە، دەبوایە شەفافیەت هەبووایە لە جێبەجێکردنی پڕۆسەکە، بەپێی یاساکە دەبوایە هەژمارکردنەوەی کۆی سندوقەکان بکرایە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە تەنها چەند سندوقێکی کەمە و ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقە”.
ئەمین بەکر جەختیشیکردەوە، لە هەڵوێستی حیزبەکەی و لایەنە ناڕازییەکان، بۆ بایکۆتکردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگە لە سلێمانی و گوتی “پێویست بوو ئەو هەڵوێستە وەربگرێت، چونکە ئەو شێوازەی، کە رێگایان نەدەدا چاودێرەکان لەنزیکەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و زۆر لە دوورەوە ڕایانگرتبوون، بۆیە نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو ڕاگەیاندنەکان و بەشێک لە لایەنەکانی دیکە هەڵوێستیان وەرگرت”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشوی گۆڕان، دەڵێت “ڕێکاری یاسایی دیکە ماوە بیگرینەبەر، تانەدانە لەدەرە ئەنجامەکان و قسەکردن لەسەری، لە دادگای فیدڕاڵی”.