نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بڕیارمانداوە لە گەڵ پارتی دیموکرات کوردستان و یەكێتی نیشتمانی کوردستان کۆنەبینەوە.
لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی مەی بۆ پەرلەمانی عێراق، گۆڕان یەکێتی و پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن و ئامادە نین ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ بکەن، لەبەرانبەردا پارتی و یەکێتی داوای یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن بۆ ئەوەی لە بەغدا یەکهەڵوێست و تەبا بن. بەڵآم بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە لەگەڵیان رەتدەکاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هێمن شێخانی، باژێروانی بزووتنەوەی گوؤران لە هەولێر، لە بارەی کۆبوونەوەیان لە گەڵ لایەنەکانی هەرێم و عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، رایگەیاند: دژایەتیمان لە گەل هیچ لایەنێکی نییە بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە رەتمانکردۆتەوە، پێمانباشە لە گەڵ پارتی دیموکرات کوردستان و یەكێتی نیشتمانی کوردستان کۆنەبینەوە.
هێمن شێخانی دەڵێت “لە ئێستادا هیچ ئامادەییەکمان تێدا نییە و بە گونجاوی نازانین لەگەڵ یەکێتی و پارتی دابنیشین. چوونکە ئێمە بەرەی نیشتمانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی پێک ناهێنین.
ئەو باژێروانەی گۆڕان هۆکاری کۆنەبوونەوەیان لە گەڵ ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی زۆر قووڵدایە. دەشڵێت “ئەرکی ئێمەیە، کە داکۆکی لە مافی هاوڵاتیان بکەیەن. هەوروەها ئەو دوو لایە ئامادەی چارەسەر کردنی کێشەکانیان نییە”.