نوجەنێت: تایبەت
چالاکێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەبوونی پێشمەرگە لە ناو گوند و ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و پێکهێنانی میتینگی سیاسی و رێکخستن پێویستە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عیرفان رهنموون، چالاکێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی چالاکی پێشمەرگەنە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: لە ئێستادا ، چالاکی پێشمەرگانە زۆر بە گرنگ و پڕبایەخ دەزانم، مەبەستم لە چالاکی پێشمەرگانە، ئامادەبوونی پێشمەرگەکان لە ناو گوند و ناوچەکانی کوردستان و پێکهێنانی میتینگی سیاسی و رێکخستنییە.
عیرفان رهنموون پێیوایە، کە ئێستا دەرفەتێکی گونجاوە، کە لاوەکانی کوردستان لە ریزی پێشمەرگەدا رێکبخرێن. هێزی پێشمەرگە دەبێ رێکبخرێ و لە ژێر یەک فەرماندەیی دا ، ئۆرگانیزە بکرێ. دیارە لە ئەگەری هێرشی پاسدارەکان دا، دەبێ هێزی پێشمەرگە وەڵامێکی توندیان بداتەوە و ترسی خەڵک لە سوپای دوژمن بشکێنێ.
ئەو چالاکە سیاسییە دەشڵێت “من کوردستان بە خاکێکی داگیرکراو دەزانم و دەبێ رزگار بکرێ. بۆیە شەڕی چەکداری لە ڕوانگەی منەوە، رێکارێکی ستراتیژیکە تا ئەوکاتەی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان نامێنێ. دیارە دەستپێشخەری بۆ هێرش، دەتوانێ تاکتیک بێ. واتە ئەوە بەرپرسانی سیاسین، کە بەپێی خوێندنەوەی دۆخە سیاسییەکە، کات و شوێنی هێرشی چەکداری دیاری دەکەن”.
رەهموون جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەم دۆخەی ئێستا دا، باشترین تاکتیک بە پتەوکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە دەزانم و پێم باشە، کە هێزی پێشمەرگەی گشت پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر فەرمانی فەرماندەییەکی هاوبەش دا، بگەڕێنەوە رۆژهەلاتی کوردستان و ئامادە و لەسەر هەست بن.