نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، چەند هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت.
لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە، چەندجارێک هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە بێ ئەنجام بوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیان، رایگەیاند “لە ئێستادا چەند هەڵێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە ئەنجام بدات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن و دووبارە چالاککردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەتەواوی”.
ئەحمەد عەسکەری گوتیشی “هەوڵەکانی ئەمجارە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەن هەوڵی جددین و بەو ئاراستەیەن، کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بتوانێت کۆبوونەوە ئەنجام بدات”.