نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیادی کردووە بۆ 5 هەزار مێگاوات.
ساڵانە بە ھۆی ھاتنی وەرزی ھاوینەوە، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانیش لەلایەن ھاوڵاتیانەوە زیاد دەكات، ئەمەیش وا دەکات سەعاتەكانی پێدانی كارەبا لەهەرێمی کوردستان كەم بكات و خەڵكیش گلەیی لە كەمیی كارەبا دەكات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم، سەبارەت بە پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان رایگەیاند “لەم مانگەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیادی کردووە بۆ 5 هەزار مێگاوات، لە ئێتساُدا توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، 2 هەزار و 700 مێگاواتە”.
بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان، دەشڵێت “لە ئێستادا بەتێکڕا رۆژانە 12 کاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان”.
ئومێد ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، کە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر کەرتی کارەبا، بۆیە توانای زیادکردنی بەرهەم هێنانی کارەبا پەیوەستە بە هەبوونی بوودجەی پێویست بۆ کارەبا و بەتێپەڕ بوون و چاکبوونی قەیرانی داریی، دۆخی کارەباش باشتر دەبێت.