بەم هۆکارە تەواوی بیرەکانی ئاو لە هەولێر دادەخرێن

0

نوچەنێت

لەسەر بڕیاری راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر کۆبووینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە هەندێک گەڕەکی هەولێر و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز، پارێزگاری هەولێر دەڵێت “کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر نامێنێت”.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند “بە کۆتاییهاتنی هێڵی چوارەمی ئیفراز لە هەولێر کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دەهێندرێت و هەموو بیرەکانی هەولێر دادەپۆشرێنەوە و دادەخرێن”.

بەمەبەستی دانانی پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-7-2018)پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاوی هەولێر و دەوروبەری و ستافی ئەندازیاری کۆبووەوە.

لە سەنتەری هەولێر و دەوروبەری سێ پڕۆژەی سەرەکی هێڵی ئاو هەن، کە ئاو لە ئیفرازەوە دەهێنن و نزیکەی 15 هەزار مەتری چوارگۆشە لە کاژێرێک ئاو دەدەن. هەزار بیر لە هەولێر و دەوروبەری هەن. نزیکەی 800 بیری دیکەش لە دەوروبەری هەن، جگە لە پرۆژەکانی دیکەی شەقڵاوە و رواندز کە ئاو لە سەرچاوەی رووبارەکانەوە وەردەگرن.
  
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو وەرزەدا و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، لەچەند شوێنێکی هەولێر کێشەی بێ ئاوی پەیدا بووە، نەوزاد هادی دەڵێ “بۆیە پلانەکانی ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو پارێزگا و وەزارەتی شارەوانی و  بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، تایبەتە بە هێڵی چوارەمی ئیفراز، کە لەگەڵ کۆمپانیای (بای وۆتەر)ـی بەریتانییە”.

نەوزاد هادی دەڵێ “ئێستا بەشێکی پرۆژەکە لەبواری جێبەجێکردندایە. کە تەواوبوو نزیکەی 24 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دەدات لە کاژێرێکدا، بەشێکی ئەو پرۆژەیە، کە پەیوەستە بە کۆگای ئاوی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆگای ئاوی خۆیان لای مۆنۆمێنتەکەی کەسنەزان دەبێت. هەروەها ئاو لە هەر سێ سەرچاوەکەی دیکەی ئیفراز بە بڕی هەزار مەتری چوارگۆشە زیاد دەکات و چاوەڕوان دەکرێت، ئەمە دوای مانگێکی دیکە تەواو بێت و هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ دابینکردنی ئاو بۆ کەسنەزان و ناوچەی قەرەبوو، چونکە هێڵی دووەمی ئیفرازیشمان هەیە، کە ئاو دەداتە قەڵاتی نوێ و هیران و زیلان و پێنجی حەسارۆک و گەڕەکی هاوکاری، واتا ئەو گەڕەکانەش بەشێکی زۆری کێشەی ئاویان چارەسەر دەبێت”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە دابینکردنی سولفەیەک بۆ حاڵەتی لەناکاو، بەوپێیە بەگوتەی پارێزگاری هەولێر “بڕیاردرا ئەو شوێنانەی کێشەیان هەیە چ لە هەولێر، یان دەوروبەری بەپەلە بیرەکانیان لێبدرێنەوە و تیمەکان بە پەلە چارەسەری بکەن”، هەروەها دەڵێ “پێشتریش سولفەیەکی دیکەی درا و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنە و، پێشبینی دەکەین پێش کەمتر لە دوو مانگی دیکە کێشەکان چارەسەر ببن”.

نەوزاد هادی گوتی “ئەو سولفەیەی بۆ حاڵەتی لەناکاو دیاریکراوە، بەپێی قەبارەی کارەکان دیاری دەکرێت و لەنێوان ملیارێک بۆ دوو ملیار دینار دەبێت و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاردراوە کارەبای زیاتر یان گازوایل بۆ کارپێکردنی ئامێرەکانی بیرەکان تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ئاویان زیاتر بێت. نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە لەوەی “بە تەواوبوونی پرۆژەکەی چوارەمی ئیفراز، کێشەی کەمئاوی بەتەواوی لە هەولێر چارەسەر دەبێت و تەواوی بیرەکانیش دادەخرێن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com