نوچەنێت: تایبەت
چاودێرەێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، خۆ رێکخستنەوەی داعش لە ناوچە سوننەکان، پەیوەندی بە هەبوونی ئەو زڵم و زۆرەوە هەیە، کە میلیشیاکانی شیعە لەو ناوچانە ئەنجامیانداوە.
رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر بۆ داعش خاڵی وەرچەرخان و هیوابەخشین بوو بۆ دووبارە هەستانەوە و خۆرێکخستنەوە، چونکە بەهۆی کێشەی تائیفی (شیعە و سوننە) و دەسەڵاتی توندی میلیشیا توندڕەوەکانی شیعە لەو ناوچانە و نەمانەوەی پێشمەرگە، لەو ناوچە سوننە نشینەکان جموجۆڵیان دەستپێکردەوە و بوونەتەوە مەترسی لەسەر داهاتووی حکومەتی عێراق.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئامانج نوری، شارەزای ئابووری و چاودێری سیاسی، لە بارەی مانەوە و گەشەسەندنی داعش لە عێراق، رایگەیاند: داعش لە ناوچە سوننەکان خۆی رێکخستووەتەوە، کە ئەوەش پەیوەندی بە هەبوونی ئەو زڵم و زۆرەوە هەیە، کە میلیشیاکانی شیعە لەو ناوچانە ئەنجامیانداوە، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچە پشت بە هێزێک دەبەستن تۆڵەیان بۆ بکاتەوە.
ئامانج نوری پێیوایە، هەبوونی میلیشیاکان، زەمینەیەکی لەباری بۆ داعش خوڵقاندووە، کە لە سنورەکانی سوریاوە بەرەو موسڵ جموجوڵی هەیە. حکومەتی عێراق تەنیا بەڕۆژ لەو ناوچانەی داعش بوونی هەیە، جادە قیرەکانی بەدەستەوە هەیە،کە ئەوەیش بە تەواوی نییە و لە هەندێک ناوچە مەترسیی هەیە. بەڵام شەوان بە جادەقیرەکانیشوە بەدەست گروپە چەکدارەکان و داعشەوەیە.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوەدەکات، کە رەنگە تورکیا دەستوەردان بکات بە قازانجی داعش، وەک چاوپۆشی کردن لێیان، بۆیە ئەزمەیەکی گەورە دروست بووە.