نوچەنێت: تایبەت
پەلامارەکانی چەكدارانی داعش لەم دواییانە بۆ سەر گوندە كوردنشینەكانی سنوری كەركوك، دڵەڕاوکێی لە نێو شاری كەركوكی دروستکردووە. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی دەڵێت “ناوچە عەرەبنشینەكان بووەتە جێگەی گەشەكردنیان”.
لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، ژیان بۆ دانیشتووە كوردەكانی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی كێشە لەسەر ناودەبرێن، گەڕایەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. هەڕەشەی گرووپە توندئاژۆكان و گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە و تۆڵەی ئەو هێز و گرووپە جیاوازانەی لە گۆڕینی باری دیمۆگرافیای ناوچەكەدا و كەمكردنەوەی ژمارەی كورد لەوێ، هاوڕا و هاوبەشن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، حەسەن بارام، بەرپرس لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، لە سنووری کەرکوک، لەبارەی مەترسیداربوونی داعش لەو سنوورە رایگەیاند: چەكدارانی داعش، بە درێژایی زنجیرە چیای حەمرین بڵاوبوونەتەوە و خۆیان رێكخستووەتەوە و لە سێگۆشەی سوننە و بە زۆری ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چالاكی دەكەن، ناوچە عەرەبنشینەكان بووەتە جێگەی گەشەكردنیان”.
حەسەن بارام لەو بڕوایەدایە، کە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لەعێراقدا روودەدەن داعش پەلاماری چەند شارێك دەداتەوە. هەروەها “داعش بە پلان شانە نووستووەكانی خزاندووەتە نێو شارەكان و هەوڵی دەرکردنی خەڵكی كورد دەدەن”.