نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی کورسییەکانمان زیاد دەکات، پشبینی دەکەم بگاتە 42 کورسی.
بڕیارە 30-9-2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی کوردستان 38 حیزب و قەوارەی سیاسی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم پەسەندکراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستاخاوەنی 38 کورسی پەرلەمانی کوردستانە، چاوەڕوانیش دەکات لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ڕێژەی کورسییەکانی زیاد بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پێشبینی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، رایگەیاند “پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا، بۆیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەدڵنیاییەوە ڕێژەی کورسییەکانمان زیاد دەکات، پێشبینی دەکەم بگاتە نزیکەی 42 کورسی پەرلەمان”.
سەبارەت بە ئامادەکاری ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فەرحان جەوهەر گوتی “پارتی دیموکراتی کوردستان 100 کاندید پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەکات، لە ئێستاشدا ناوی کاندیدەکان لەمەکتەبی سیاسی تاوتوێ دەکرێت و دوای چەند ڕۆژێکی دیکە لیستی کاندیدەکان بەتەواوی ئامادە دەکرێت”.