نوچەنێت
مەسعوود بارزانی، لە سەڵاحەدین، لەگەڵ شاندی هاوبەشی دانووستاندنكاری هەردوو لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ شەممە 7-7-2018، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەلاحەدین لەگەڵ شاندی هاوبەشی دانووستاندنكاری هەردوو لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا کۆبوویەوە و لە دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی بارزانی، لە بنیاتانەوەی عێراق و هەروەها ئێش و ئازار و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستان، جەختیان لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و هێزە عێراقییەكان و قوربانیدانی هاوبەش لەدژی دیكتاتۆرییەت كردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، شاندی میوان داوایان كردووە، كە لە عێراقدا هەموو لایەك بەیەكەوە قۆناغێكی تازە دەستپێبكەن و هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە و لەپێناو گەییشتن بە سەقامگیری و شەراكەتی ڕاستەقینە تەحەدیاتی سیاسیی ئێستای عێراق تیبپەڕێنن، هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو كە بە بێ تەوافوق و شەراكەتی ڕاستەقینە ناتوانرێ پڕۆسەی سیاسی بەڕێوە بچێت و هیچ دەستكەوتێكیش بۆ هیچ لایەنێك ناهێتە دی.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا شاندی میوان، ڕوانگەی سیاسی لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسایان بۆ بارزانی شی كردەوە و ڕۆشناییان خستەسەر بۆچوونی هەردوو لیستەكە بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورەی پارلەمانی و نووسینەوەی پڕۆگرامی ئیدارەی وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی تەحەدیاتەكان و جێبەجێكردنی دەستوور ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە پێویستە پەیوەندییە مێژووییەكان و جێبەجێكردنی دەستوور و هەروەها لۆژیك و عەقلانیەت بكرێتە هەوێنی پڕۆسەی سیاسی و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی لە پڕۆسەی سیاسیدا پەیڕەو بكرێت و لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپە كوتلەی گەورەی پەرلەمانی دابمەزرێت و حكومەی تازە پێكبهێنرێت و پێویستیشە هەموو لایەك بۆ ئەو مەنهەج و بنەمایانە بگەڕێنەوە، كە لە دوای 2003 عێراقی تازەی لەسەر بنیاتنرا.