نوچەنێت-یۆرۆ نیوز
مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات، لە میانی گفتوگۆ و دانوستانەکانیان لە گەڵ ئێران، کوشتار و کردەوەی تیرۆرستی و هێرشە تیرۆرستییەکانی ئێران بخەنە سەر مێز.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە گەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی لایەن لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لە هەژماری تویتەری خۆی نووسیویەتی: رژێمی ئێران رەنج و مەرگی بۆ خەڵکی ئێران و جیهان بە دیاری هێناوە، تەنها لە ئەوروپا کوشتار و دانانەوەی بۆمب و هێرشە تیرۆرستییەکانی ئەم رێژیمە، گیانی خەڵکانێکی کردە ئامانج. هیوادارم ئەوروپییەکان ئەم بابەتانە لە گەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، بخەنە بەرباس و گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
پەمپیۆ لە تویتێکی دیکەدا خشتەیەکی زەمەنی بڵاو کردۆتەوە، کە چالاکیە تیرۆرستییەکانی ئێران و پلان و پشتیوانی لۆجستی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەکان لە سەر خاکی ئەوروپا بڵاو کردۆتەوە.
ئەم خشتە زەمەنییە ساڵەکانی ١٩٨٥ بۆ ٢٠١٨ لە خۆ دەگرێ، کە ئێران کاروکردەوەی تیرۆرستی تیادا ئەنجامداوە.
تیرۆر، تەقاندنەوە، ڕفاندنی مرۆڤ، هێرشی چەکداری، پشتیوانی دارایی و لۆجستی لە میلشیا شیعەکان، بەشێک لە کارنامەی ئێرانە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە.