نوچەنێت: تایبەت
بڕیارە رۆژی سێشەممە 10-7-2018 پرۆسەی جیاکردنەوە دەنگەکان بەدەست لە سلێمانی دەستپێبکات و تەنیا دەنگی ناو ئەو سندووقانە دەژمێردرێنەوە کە سکاڵایان لەسەرە. بەرپرسێکی گۆڕان-یش دەڵێت “لەو بڕوایەدا نیم پروسەکە لە بەرژەوەندی لایەنە ناڕازیەکان بێ”.
چوار لایەنی ناڕازی گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق-یان رەتکردەوە و ژمارەیەک سکاڵایان تۆمار کرد، بەپێی زانیارییەکانی تۆری میدیایی رووداو لە کۆی 3200 وێستگەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تەنیا 450 سکاڵا هەبوون و هیچ لایەنێك تانەی لەسەر دەنگی هەموو وێستگە یان سندووقەکانی پارێزگاکە نەداوە.
چوار لایەنە ناڕازییەکە یەکێتییان بەوە تۆمەتبارکرد، لە رێگەی هاککردنی سندووقە ئەلیکترۆنییەکانەوە ساختەکاری ئەنجامداوە و یەکێتیش ئەوە رەتدەکاتەوە، ئەو کێشەیەش بووە هۆی ئەوەی ئەو چوار لایەنە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی پێکهێنانی حکومەتیان نەکرد.
باژێروانێکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەبارەی ژماردنەوەی دەنگەکانی سلێمانی بە نوچەنێت-ی راگەیاند: بۆ ئەوەی ئەنجامی راستی هەڵبژاردن دەرکەوێت، چوار لایەنەکە دەیانەوێت هەموو دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی بەدەست بژمێردرێنەوە، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ئەمە جێبەجێ بکرێ و پرۆسەکە لە بەرژەوەندی لایەنە ناڕازیەکان بێ.
ئەو باژێروانەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە دا، کە چوار لایەنەکە ناڕازیبوون لە بڕیاری دادگای فیدراڵی و نەژماردنەوەی هەموو دەنگەکانی سلێمانی و ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا دەزانین، چونکە بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژادن دەبوایە هەموو دەنگەکان سەر لەنوێ بژمێردرێنەوە. بەڵام ئێستا تەنیا ئەوانەی سکاڵایان لەسەر بووە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی یەکێتی نیشتمانی 8 کورسی بەدەستهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان 4 کورسی، نەوەی نوێ 2 کورسی، هاوپەیمانی 1 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 1 کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی 1 کورسی و پارتی 1 کورسی .