نوچەنێت-رۆیتەرز
چین بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، لەبارەی داخستنی گەرووی هۆرموز هەڵوێستی وەرگرت.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران ناراستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموزی کرد و گوتی: ئەگەر ئێران نەتوانێ نەوتی خۆی هەناردە بکات، رێگە نادەن وڵاتانی دیکەش نەوتی خۆیان هەناردە بکەن.
ئەم لێدوانەی حەسەن روحانی و دواتر لێدوانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئەم وڵاتە، لە میدیاکانی جیهان کاردانەوەی جیاوازی بەدواوە بوو.
بەرامبەر بە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموز، سوپای ئەمریکا وەڵامی ئێرانی دایەوە و بە توندی هەڵوێستی وەرگرت.
یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی چین، رۆژی هەینی ٦ی جولای، هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند “ئێران دەبێ گرەنتی هاتووچۆی کەشتییە نەوتکێشەکان و گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی عەرەبی بکات. بە گوتەی ئەم بەرپرسە باڵایە، ئێران دەبێ بە هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی، ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە گرەنتی بکات”.
چین کڕیاری سەرەکی نەوتی وڵاتانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نیگەرانی داخستنی گەرووی ستراتیژی هۆرموزە.