نوچەنێت
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6-7-2018، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسوڵی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر، بەردی بناغەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دانرا.
کۆنسوڵخانەکەی ئەمریکا لە هەولێر لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانە. گوژمەی پڕۆژەکە 600 ملیۆن دۆلارە و بە چوار ساڵ تەواو دەبێت.
نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشتر و لەکاتی راگەیاندنی دەستپێکردنی دروستکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە 23-4-2018 رایگەیاند “ئەم کارە نیشانەی بڕوا و متمانەی ئەمریکایە بە ئێستا و ئاییندەی گەشی کوردستان”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لەرێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر گوتی: “ئێمە ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین کە لێرە پێکەوە لەگەڵ جەنابی باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەستپێدەکەین بە شێوەیەکی رەسمی بۆ دەستپێکردنی کار بۆ دروستکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان”..
نێچیرڤان بارزانی گوتی: “بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریکا لەدوای 2003ـەوە بۆ ئێمە پەیوەندییەکی گرینگ بووە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە من دەمەوێت بەبیر خۆمانی بهێنینەوە لەدوای ساڵی 1991 کە ئەمریکا بەشێکی سەرەکی بوو لە پاراستنی گەلی ئێمە لەکاتی کۆڕەو و ئەو کارەساتە گەورەیە بەسەر گەلی ئێمەدا هات و دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون. هەر لەو کاتەوە کە ناوچەی دژە فڕینی بۆ پاراستی ئێمە دامەزراند لە عێراقدا و تاوەکو ئەو پەیوەندییەی کە دوای ساڵی 2003 دەستمانپێکرد پێکەوە، لەهەموو گرنگتر لەم هەلەدا دەمەوێت بەبیری خۆمانی بهێنینەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا ئەوپەڕی هاوکاریی ئێمەیان کرد و بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو هاوکارییە نەبوایە و هاوکاری سوپای ئەمریکا نەبوایە، ئێمە نەماندەتوانی بەوشێوەیە داعش لە شوێنی خۆی رابگرین”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکەی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان بە پەیامێکی ئەو وڵاتە ناوهێنا بۆ مانەوەیان لە کوردستان و عێراق و گوتی: “ئێمە ئەمڕۆ زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەکەین و بە پڕۆژەیەکی یەکجار گرینگ هەڵی دەسەنگێنین، هیوادارین ئەمە سەرەتایەک بێت. راستە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین وەک دەستپێکردنێک، بەڵام نیشانەیەکە بۆ هەموو جیهان کە ئەمریکا دەیەوێت لە عێراق و لە کوردستان بمێنێت و پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات و ئەمە بۆ گەلی ئێمە، بۆ عێراق و بۆ ئەمریکا زۆر گرینگە. ئەمڕۆ ئێمە بە رەسمی دەست بە کارەکانی دەکەین و هیوادارین ئەم پەیوەندییە لەمەودوا زیاتر بێت و هەموو بوارەکانی دیکەیش بگرێتەوە”.
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەکاتی دانانی بەردی بناغەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر گوتی “هەروەک دەزانن، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستان، ماوەی چەندین دەیەیە پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان هەبووە”.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتیشی “ئێمە ئەمە وەک سیمبولێکی بەهێزی ئەو پەیوەندییە بەهێز و بەردەوامە دەبینین لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. هەروەک بەڕێزتان لە وێنەکانی تایبەت بە دیزاینەکە و باڵەخانەکەوە دەبینن، ئەمە یەکێک لە باڵەخانە مۆدێڕنەکانمان دەبێت لە هەر ناوچەیەکی ئەم جیهانەدا و ئێمەش دەتوانین چەندین شتی نوێ و جیاواز لە کوردستان ئەنجام بدەین و بە پەرۆشیەکی زۆریشەوە چاومان لە دەستپێکردن و تەواوکردنی باڵەخانەکەیە بە زووترین کات”.