نوچەنێت: تایبەت
شارەزا و چاودێرێکی سیاسی کورد لە عێراق رایدەگەیەنێت، زۆربەی شێعەکانی جیهان، سەر بە مەرجەعی نەجەفن و ئەوانەی دیکە سەر بە قومی ئێرانن کەمیننەن. دەشڵێت “تاکو سوننە و کورد مافی خۆیان وەر نەگرن کێشەکان بە چارەسەر نەکراوی دەمێنێتەوە”.
هەر دوای رووخانی بەعس لە 2003، ئێران هەوڵی زۆریداوە پێگەی خۆی لە نەجەف بەهێز بكات و ماوەی چەند ساڵێكیشە ئامادەكاری دەكات، كە ئایەتوڵڵا مەحموود هاشمی شاهرودی، دوای مردنی سیستانی جێگەكەی بگرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی فەیلی، شارەزا و چاودێری سیاسی لە باشوری کوردستان، لەبارەی کێشەی تایفی و کێشەی نێوان شێعەکان رایگەیاند: زۆربەی شێعەکانی جیهان، سەر بە مەرجەعی نەجەفن و ئەوانەی دیکە سەر بە مەرجەعی قوم لە ئێرانن، کەمیننەن. هەروەها لە ساڵی 1979 بەم لاوە بە رابەرایەتی خومەینی پەرەی سەند. ئەو شیعانەی لە عێراق دەرنەچوون سەربە نەجەفن.
عەلی فەیلی دەڵێت، شیعەی عێراق زۆربەی سەربە نەجەفە و لە ئەگەری لاواز بوونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق، مەرجەعی نەجەف وەک پێش هاتنە سەرکاری روحوڵڵا خومەینی لە ئێران، مەرجەعی تەواوی شیعەی جیهان بوون، بەڵام بەهاتنی خومەینی گۆڕانکاری دروست بوو.
فەیلی ئاماژە بەوە دەدات، کە لە عێراق کێشەکان، کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی مافی سوننەیە، کە ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، سوننەی عەرەب مافی خۆیان وەرنەگرن، وەک چۆن پێش داعش قاعیدە بوو، پێش ئەوانێش بە ناوێکی دیکە رێکخراوی توندڕەو هەبوو، هەروەها ئێشتا داعشە و لەوانەیە لە داهاتوودا بە ناوێکی دیکەوە سەر هەڵبدەنەوە. و ئەو توند و تیژیە هەر بەردەوام دەبێ.
ناوبراو پێوایە چارەسەر کردنی كێشەکان لە عێراق بە تایبەتی لە نێوان شیعە و سوننە وکورد، کە سێ پێکهاتەی سەرکین، دبێ بە شێوەی شەریکی راسەقینە وڵات بەڕێوە ببەن. هەروەها پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە، تاکو ئەو عەقڵیەتە دروست نەبێ کێشەکان هەر دەمێنێ.
ململانێی نێوان مەرجەعی عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دوای كۆچی دوایی ئایەتوڵڵا حوسێن ئەلبروجردی لە قوم ساڵی 1962 كە وەك مەرجەعی كلاسیكی شیعە دادەنرێت. دوای ئەو شیعەكان دابەشی سەر دوو بەرە بوون، بەرەیەك ئایەتوڵڵا موحسین ئەلحەكیم سەركردایەتی دەكرد و لە نەجەف نیشتەجێ بوو، ئەوەی تریشیان ئایەتوڵڵا خومەینی سەرپەرشتی دەكرد.