نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردووە لە ئەنجومەنی وازیرانی هەرێم، یەکەیەکی ژمێریاری تایبەت بە پێشمەرگە بکرێتەوە و پێدانی موچەکانیان بکرێتە کارتی بانکی.
٧-٥-٢٠١٧بە بەشداریی وڵاتانی ھاوپەیمانی جەنگی دژ بە داعش، کە ئەمەریکا سەپەرشتی دەکات، پڕۆژەیەک بۆ ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە، کە ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمانە ئامادەکرا، پڕۆژەکەش خۆی لە ٣٥ خاڵدا دەبینێتەوە، لەو ٣٥ خاڵە ٥ خاڵی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەچاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “لە چوار چێوەی ئەو چاکسازییەی، کە بەهاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان کراوە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوبەرایەتییەکی گشتی چاکسازی درووستدەکرێت و ئەمەش ئێستا چووەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کردنەوەکەی دەربچێت”.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە دەڵێت “دوای بەجێبەجێکردنی بڕیاری کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەش یەکەیەکی ژمێریاری تایبەت بە پێشمەرگە دەکرێتەوە و پێدانی موچەکەیان دەکرێتە کارتی بانکی و پێشمەرگەش لەڕێگەی ئەو کارتەوە دەتوانێت، موچە وەربگرێت”.