نوچەنێت
دوێنێ دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات، بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک، لەرێگەی بۆڕی نەوتی کوردستانەوە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران نوێنەرانی کۆمپانیای دیلۆیتیش ئامادەبوون و راپۆرتی نوێی خۆیان پێشکەش بە کۆبوونەوەکە کردووە، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق بەردەوام رایدەگەیەنن، کە لە دانوستاندندان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستان-جەیهان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایی خۆی لەو بارەیەوە دووپاتکردووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، کە ئامادەن یارمەتی عێراق بدەن لە گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهان و رادەستکردنی نەوتی کەرکوک لە جەیهان بە کۆمپانیای سۆمۆ.
سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، کە تا چەند رۆژی داهاتوو راپۆرتی نوێی کۆمپانیای دیلۆیت لەسەر نەوتی هەرێم بڵاودەکرێتەوەو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نوێنەرانی کۆمپانیاکە ئەمادە بوون.