نوچەنێت: تایبەت
لە دووەم رۆژی پرۆسەی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکاندا، 24 سندوقی دەنگدانی پارێزگای کەرکوک کرانەوە و سەرچاوەیەکیش رایدەگەیەنێت، جیاوازی هەبووە لە نێوان ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان و ئەنجامی دەستی دەنگەکان، دەشڵێت “ئەگەری هەیە یەکێتی کورسییەک زیاد بکات”.
رۆژی سێشەممە 3-7-2018، ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی بۆ سندوقەکانی دەنگدانی پارێزگای کەرکوک دەستیپێکردووە و پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە، بەڵام تەنیا ئەو سندوقانە دەژمێردرێنەوە، کە سکاڵایان لەسەرە.
ئەو وێستگانەی، کە سکاڵایان لەسەربوو، لە ھۆڵی چالاکییە وەرزشییەکانی کەرکوک جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکانی دەستیپێکرد، کە ژمارەیان (334) وێستگەیە لەگەڵ ئەو وێستگانەی، کە داتاکانیان رەوانەی بەغدا نەکراون و نەچوونەتە سێرڤەری سەرەکی، کە ژمارەیان (188) وێستگەیە و کۆی گشتییان (522) سندوقە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەرچاوەیەک لە بنکەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، لەبارەی جیاوازی دەنگەکانەوە راگەیاند: ئەمڕۆ جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای کەرکوک، دەنگی یەکێتی زیادی کردووە، سەرەڕای دەستوەردانی حەشدی شەعبی لە هەندێک لە کۆگاکانی کۆمسیۆن.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت “ئەمڕۆ تەنیا 24 سندوق تەواو کراون و جیاوازیش ھەیە لەنێوان ئەنجامی ئەلیکترۆنیی و ئەوەی بەدەست ژمێردراونەتەوە. وەک بەرچاو روونی ئەوە جەدوەلی زیادکردنی دەنگەکان، ئەگەری هەیە یەکێتی کورسییەکی دیکە زیاد بکات.
