هۆشداری دەدرێتە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

0

نوچەنێت: تایبەت

چالاکێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و دەڵێ،  دەبێ هاوپەیمانیەتییەکی نیشتیمانی و کوردستانی پێکبێنن.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە 8ی مانگی رابردوو (8-5-2018) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، کە هاوینی 2015 دوای 13 ساڵ گفتوگۆی چڕ، وڵاتانی پێنج کۆ یەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما، لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گەیشتنە رێککەوتن. بەڵام ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە.

ئەمەش بووە هۆی گوشاری زیاتر بۆسەر ئێران و ئابووری ئەم وڵاتەی بەتەواوی بەرەو لاوازی و ئەگەری رووخانی ئێرانی بە دوادا دێ؛ لەوەها دۆخێکدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و بەتایبەتی خەباتی بەردەوامی حزبەکانی رۆژهەڵات پێ دەنێتە قۆناغێکی دڵخۆشکەر و پڕ لە جوڵە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عیرفان رەهنموون، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران و رۆڵی پەکەکە، رایگەیاند: پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) هەڵقوڵاوی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە و هەر چۆن لە باشوور دا، رۆڵی کەمڕەنگ بوو. پێم وایە لە رۆژهەڵاتیش رۆڵی یەکلاکەرەوەی نابێ. بەڵام ئەمەش پێش مەرجی هەیە. چونکە دەبێ هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمەڵەکان یەک بگرنەوە و بەیەکەوە و بەهاوکاری پارتەکانی دیکە، هاوپەیمانیەتییەکی نیشتیمانی و کوردستانی پێک بێنن.

عیرفان رەهنموون جەخت دەکاتەوە، کە دەبێ لە یەکەم دەرفەت دا، لایەنەکانی رۆژهەڵات، هێزی پێشمەرگەیان یەک بخەن. پێویستە لەهەر بۆشاییەکی دەسەڵات لە رۆژهەڵات دا، بە پلانی نیشتیمانی، بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. دەبێ دەسەڵات رەوایی خۆی لە دەنگی خەڵک وەربگرێ و نابێ هێزی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی و گروپ بەکاربهێنرێ.

ئەو کەسایەتییە سیاسییەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەگەر ئەو کارانە بکەن، کە ئاماژەم پێکرد، ئیدی بۆشایی و گەندەڵییەک نامێنێ، کە پەکەکە بتوانێ بیقۆزێتەوە و تێیدا گەشە بکات. ئەگەر ئەو پێشمەرجانە رەچاو نەکەن، ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارەسات و جەنگی کوردکوژی، بە بەهێز دەزانم.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com